بەڕێوبەرەى ناحیەى سیدەکان: بەهۆى کردەوەکانى پەکەکەوە 118 گوند لە سنوورەکە چۆڵ کراون

بەڕێوبەرەى ناحیەى سیدەکان: بەهۆى کردەوەکانى پەکەکەوە 118 گوند لە سنوورەکە چۆڵ کراون
بەرێوەبەرى ناحیەى سیدەکان ڕای گەیاند بەهۆى کردەوەکانى پەکەکەوە 118 گوند لە سنوورى ناحیەى سیدەکان و دەوروبەرى چۆڵ کراون و زیاتر لە 80 هاووڵاتیش بەهۆی بوونی پەکەکەوە شەهید و بریندار بوون و خەڵکێکى زۆریش ئاوارە بوون و بژێوى ژیانیان لەدەست چووە.

ئیحسان چەلەبى، بەڕێوەبەرى ناحیەى سیدەکان لە قەزای سۆران راى گەیاند: "بەهۆى بوونی بارەگای پەکەکە لە سنوورەکە و شەڕ و ململانێى نێوان تورکیا و پەکەکە و ئەو هەڵسوکەوتانەى ئەو گرووپە ئەنجامى دەدەن لە ناوچەکەدا، تا ئێستا 118 گوند لەو سنوورە چۆڵ کراون و بە هەزاران خێزانیش ماڵ و حاڵیان جێ هێشتووە و داهاتى رۆژانەیان لەدەست داوە، سەرەڕاى شەهید و برینداربوونى زیاتر لە 80 هاووڵاتى سڤیل".

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، راشی گەیاند: "ئەو گوندانەى بەهۆى ململانێى تورکیا و پەکەکەوە چۆڵ کراون، دەکەونە ناوچەى سنوورى سێگۆشەى نێوان تورکیا و ئێران و هەرێمى کوردستانەوە، ئەو شوێنانە بە یەکێک لە بەپیتترین ناوچەى کوردستان دادەنرێن بۆ بەخێوکردنى مەڕوماڵات و ئاژەڵ، چونکە ناوچەى کوێستانین و جگەلەمەش چەندین جۆر گیاى دەگمەن لەو ناوچانە هەن، بەڵام خەڵک لە ترسى بۆردومان ناتوانن بچنەوە سەر زێدى خۆیان".

ئیحسان چەلەبی ئاماژەى بەوەش کرد: "بەهۆى نەمانى پووش و پاوان و سووتانى کوێستانەکاکان، زۆربەى ئەو کەسانەی بە مەڕدارییەوە سەرقاڵ بوون، ئاژەڵەکانیان فرۆشتووە و بەهۆى نزیکیان لە قەرەقۆڵەکانى تورکیاوە و بوونی بنکە و بارەگای پەکەکەوە ناتوانن بە ئازادى لە گوندەکانیان هاتوچۆ بکەن".

ئەوەشى خستە ڕوو: " زۆر جاریش خەڵکى سڤیلى ئەو ناوچانە وەکوو قەڵغان لەلایەن چەکدارانى پەکەوە بەکار دەهێندرێن، ئەوان تەقە لە قەرەقۆلەکانى تورکیا دەکەن و پاشان دەچنە ناو گوندەکانەوە، تورکیاش بۆردومانى گوندەکان دەکات".














باسنیوز


Top