شاندی پەرلەمان پەیامی دۆستایەتیی گەلی کوردستان بە کونسوڵخانەی فەرەنسا دەگەیەنێت

شاندی پەرلەمان پەیامی دۆستایەتیی گەلی کوردستان بە کونسوڵخانەی فەرەنسا دەگەیەنێت


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدگەیەنێت، کە شاندەکەی پەرلەمان پەیامی دۆستایەتی و پاڵپشتییان بە کونسوڵخانەی فەرەنسا گەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەمە 28-10-2020، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەردانی کونسوڵخانەی فەرەنسای لە هەولێر، کرد.

لە وتەیەکدا بۆ رۆژنامەنووسان، هێمن هەورامی ئاماژەی بە پاڵپشتییەکانی فەرەنسا لە شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و پاراستنی هەرێمی کوردستان، کرد.

هێمن هەورامی رایگەیاند، ئەگەرچی شانازیی بە مسوڵمانێتیی زۆرینەی گەلی کوردستان دەکەن، بەڵام گەلی کوردستان لە چەندین نەتەوە و ئاینی جیاواز پێکهاتووە، کە بە ئاشتییانە بە یەکەوە دەژین و لەو سەردانەشیاندا، پەیامی زۆرینەی گەلی کوردستانیان بە کونسوڵخانەی فەرنسا گەیاند.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و پاریس کردەوە و ستایشی هەڵوێستی سەرکۆمارەکانی فەرەنسا و ئەو دەوڵەتە لە پاڵپشتیی گەلی کوردستانی کرد.

هێمن هەورامی رەتی کردەوە هەڵوێستی ژمارەیەک پەرلەمانتار لەبارەی فەرەنساوە هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان بێت و رایگەیاند، شاندەکەی ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی زۆرینەی فراکسیۆن و پێکهاتەکانی کوردستان سەردانی کونسوڵخانەی فەرەنسای کردووە و پەیامی دۆستایەتیی گەلی کوردستانی بە گەلی فەرەنسا گەیاندووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، کە فەرەنسا راستەقینەترین پشتیوانی گەلی کوردستان بووە و لەم نزیکانەشدا، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکات و شاندێکی باڵای ئەو وڵاتەش سەردانی هەولێر دەکات.









باسنيوز
Top