پەكەكە بەردەوامە لە ڕفاندنی منداڵانی ڕۆژئاوای كوردستان
سەرباری ئەوەی پێشتر مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات فەرمانی كردبوو كۆتایی بە ڕفاندن و چەكداركردنی منداڵانی رۆژئاوا بهێندرێ، دوای ئەوەی ناڕەزاییەكی زۆر لەلایەن خەڵكی رۆژئاوا پێشان درابوو، بەڵام پەكەكە و ڕێكخراوە تایبەتەكەیان هێشتا بەردەوامن لە ڕفاندنی منداڵانی خوار تەمەنی 18 ساڵ.
لەمبارەیەوە ڕوانگەی سوورییش بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە كە ئەوان ئاگەداری ناڕەزایەتی بەرفرەوانی خەڵكێكی زۆری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدەی سەر بە پەكەكەن لە رۆژئاوای كوردستان، بە هۆی ئەوەی پەكەكە بەردەوامە لە ڕفاندنی منداڵەكانیان و دەیانكات بە چەكدار.
ڕوانگە مرۆییەكە دەڵێ پەكەكە منداڵان دەڕفێنێ و دەیانكات بە ئامێری سەربازی و شەڕیان پێدەكات، لە كاتێكدا پێویست بوو ئەم منداڵانە لە ماڵی گەرموگوڕی خۆیاندا بژین و ڕۆژانە لە قوتابخانەكاندا وەكو هەر منداڵێكی تر بخوێنن.
ڕوانگەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بە بڕیارەكەی فەرماندە مەزڵوم عەبدی كردووە و دەڵێ پەكەكە گوێڕایەڵی ناكات، جگە لەوەی كە نەك هیچ منداڵێكی ڕفێندراویان نەگەڕاندووەتەوە، بەڵكو ڕۆژانە بەردەوامن لە ڕفاندنی منداڵانی تر و كردنیان بە چەكدار، ئەمەش وای كردووە خەڵكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە زۆر بێزار بن و ناڕەزایی بەرانبەر هێزەكانی سووریای دیموكراتیش دەربڕن، چونكە نەیانتوانیوە كۆتایی بەم دەستدرێژییانەی پەكەكە بۆ سەر منداڵەكانیان بێنن.
باسنيوز
