قوتابخانە و پڕۆژەی پەروەردەیی شاری مامۆستایان لە هەولێر کرایەوە

قوتابخانە و پڕۆژەی پەروەردەیی شاری مامۆستایان لە هەولێر کرایەوە


ئەمڕۆ سێشەممە 26/10/2020 بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانە و پڕۆژەی پەروەردەیی شاری مامۆستایان لە هەولێر کرایەوە.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: "سەرباری قەیرانی دارایی، بەڵام کردنەوە و تەواوبوونی قوتابخانەکان و پڕۆژە پەروەردەییەکان لە کوردستان بەردەوامن و لە مانگی ڕابردوودا چوار قوتابخانە لە سلێمانی و ئەمڕۆش ئەم قوتابخانە و پڕۆژە پەروەردەییەیە، هەروەها لە هەفتەی داهاتووش سێ قوتابخانە لە قەزای شەقلاوە دەکرێنەوه".

وەزیری پەروەردە باسی لەوەش کرد: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ تەواوکردنی پرۆژەی سێ قوتابخانە کە کارەکانیان بە نیوەچڵی بەجێماون".

ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرباری هەموو قەیرانەکان، پرۆژەکانی دروستکردنی قوتابخانە و ڕاهێنانی مامۆستایان و پەروەردە و بە سیستمکردنی پڕۆژە پەروەردەییەکان بەردەوامن و لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم لە پەیوەندیداین بۆ تەواوکردنی قوتابخانەی ناو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان".







باسنیوز
Top