وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسا: ئەردۆغان هەوڵی دەستکەوتی سیاسی دەدات

وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسا: ئەردۆغان هەوڵی دەستکەوتی سیاسی دەدات
وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسا وەڵامی هێرشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر فەرەنسا و ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەداتەوە و دەڵێت، ئەوەی ئەردۆغان دەیکات تەنیا هەوڵێکی سیاسیی دیکەیە بۆ دەستکەوتی سیاسی لە وڵاتەکەیدا.

رۆزەلین باشیلۆت، وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسا، بەرگریی لە سەرۆکی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، ئەوەی ماکرۆن باسی کردووە تەنیا رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ بناژۆخوازی و تووندڕەوی، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دژایەتیی ئیسلامی وەک ئایین نەکردووە.

رۆزەلین باشیلۆت گوتی، "سەرۆکی وڵاتێک هەیە، سەرۆکی تورکیا، بەڕێز ئەردۆغان، کە ئەوەی روودەدات بۆ دەستکەوتی سیاسیی ناوخۆیی وڵاتەکەی خۆی بەکاری دەهێنێت. ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە روونکردنەوەکانی سەرۆک ماکرۆن، قسەکردن بوون لەسەر رێگەگرتن لەو جۆرە تاوانەی بەرامبەر ساموێل پاتی یان ئەوانەی دژ بە چارلی هیبدۆ کرا. سەرۆک ماکرۆن زمانێکی دژ بە ئیسلام و موسڵمانانی بەکارنەهێناوە. موسڵمانان لێرە بەشێکن لە کۆمڵگەی ئێمە."

پاش سەربڕینی مامۆستایەکی فەرەنسی لە فەرەنسا لەلایەن تووندڕەوێکی ئیسلامییەوە، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە چەند جارێک دووپاتی کردەوە کە ئەوان لەو جۆرە کارانە خۆشنابن و رێگە نادەن رادیکاڵیزمی ئیسلامی لە فەرەنسا بمێنێت و ئەو جۆرە بیرە تووندڕەوەییەش لە فەرەنسا بنەبڕ دەکات.

ئەو قسانەی ماکرۆن لەلایەن هەندێک لایەن و وڵاتی ئیسلامییەوە وەک هێرش بۆ سەر موسڵمانان لێکدرانەوە. بەتایبەت سەرۆکی تورکیا کە ماکرۆنی بە نەخۆش ناو برد و داوای لە خەڵکی وڵاتەکەشی کرد بایکۆتی کاڵای فەرەنسی بکەن.

rudaw -
Top