مەزڵوم عەبدی: ئەردۆغان خەمی ئیسلامی نییە و ماکرۆن موسڵمانانی پاراستووە

مەزڵوم عەبدی: ئەردۆغان خەمی ئیسلامی نییە و ماکرۆن موسڵمانانی پاراستووە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی سەرۆکانی فەرەنسا و تورکیاوە دوو تویتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر کردووە و دەڵێت، ئەردۆغان ئیسلام بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاردەهێنێت و، ماکرۆنیش موسڵمانانی پاراستووە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، "ئەردۆغان پاڵپشتیی دەوڵەتی ئیسلامیی کردووە، بە سووکایەتیکردن بە ماکرۆن گوزارشت لە بۆچوونی موسڵمانان و بەرژەوەندیی جیهانی ئیسلامی ناکات، بەڵکو ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆی بەکاردەهێنێت."

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێت، "ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هاوکار بووە لە پاراستنی موسڵمانان لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی و رۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە تێکشکاندنی ئەو رێکخراوە و پاراستنی بەها مرۆییەکان."

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 2020/10/21 گوتارێکی لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە مامۆستای سەربڕاوی فەرەنسی سامۆئێل پاتی، بە دەستی موسڵمانێکی چیچانی لە پاریس پێشکێشکرد و رایگەیاند، ئازادییەکانی ئێمە پارێزراو نابن تەنیا لە رێگەی کۆتاییهێنان بە رق و تووندوتیژی نەبێت، تەنیا لە رێگەی رێزگرتنی ئەویدیکە نەبێت.

ماکرۆن ئەو گوتارەی لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس پێشکێشکرد و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

هەروەها ماکرۆن لە رۆژی 2ـی ئۆکتۆبەردا گوتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا رەخنەی لە "گۆشەگیریی ئیسلامی" گرت و هەروەها گوتی، "ئیسلامی سیاسی" هەوڵدەدات دەوڵەتێکی "هاوتەریب" لەنێو فەرەنسادا دابمەزرێنێت و یاساکانی خۆی جێبەجێ بکات نەک یاساکانی فەرەنسا.

لە وەڵامی ئەو گوتانەی ماکرۆندا رەجەب تەیب ئەرۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "قسەکانی ئەم دواییەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لەسەر ئیسلام دنەدانێکی مەترسیدارە و داوای ماکرۆن بۆ بونیادنانەوەی هەیکەلی ئیسلام بێرەوشتییە."

هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا چەند جارێکی دیکەیش لەسەر گوتەکانی ماکرۆن هاتووەتە دەنگ و گوتی "پێویستە پشکنین بۆ ماکرۆن بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هۆشی لە جێگەی خۆیەتی یان نا." دیسانەوە لە گوتەیەکی دیکەیدا لە بارەی ماکرۆنەوە گوتی، "بە داخەوە، ئەم هێرشانە لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا هاندانن و ئەو پێویستی بە پشکنینی مێشکە."

هەر لەو بارەیەوە رۆزەلین باشیلۆت، وەزیری رۆشنبیریی فەرەنسا وەڵامی هێرشەکانی ئەردۆغانی بۆ سەر فەرەنسا و ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە دایەوە و گوتی، ئەوەی ئەردۆغان دەیکات تەنیا هەوڵێکی سیاسیی دیکەیە بۆ دەستکەوتی سیاسی لە وڵاتەکەیدا.
rudaw -
Top