پیاوێک لەلایەن هاوکارەکەیەوە بە بەڵێنی کار پارەی لێ وەردەگیرێت و پارەکەی نادرێتەوە
موراد ئاڵتنای کە خوێندن و نووسین نازانێت، لەلایەن یەکێک لەو هاوکارانەی کە لە مارکێتێکی سێوازی باکووری کوردستان بەیەکەوە کاریان کردووە، بەڵێنی ئەوەی پێدراوە ببرێتە دەرەوەی وڵات و لەوێ وەکو کرێکار کاربکات.
ئەو کەسە چەندجارێک پارەی لە موراد وەرگرتووە و دوای دوو ساڵ ئینجا موراد زانیویەتی هیچ بابەتێک لەئارادا نییە، بۆیە داوای پارەکەی خۆی کردووەتەوە کە نزیکەی سێ هەزار لیرەی تورکییە [نزیکەی 380 دۆلار]. موراد دەڵێت، ئەوە پارەی سێ مانگ مووچەی ئەو بووە لە مارکێتدا، هەروەها دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەوان زۆرە و پاشەکەوتکردنی ئاسان نەبووە.
هاوژینەکەی موراد دەڵێت "بڕیاربوو [هاوکارەکەی موراد] بێتە ئێرە و قسە بکەین، بەڵام کە زانیویەتی موراد تەنیا نییە، نەهاتووە".
موراد و هاوژینەکەی بابەتەکەیان بۆ راگەیاندن باسکرد و دواتر چوونە بنکەی پۆلیس و سکاڵایان لەسەر ئەو کەسە تۆمارکرد.
لە تورکیا قۆڵبڕین و پارە وەرگرتن بە ماددەکانی 157 و 158 دادگایی دەکرێن. لە ساڵی 2018 پۆلیس 720 باندی قۆڵبڕین و خەڵەتاندنی دەستنیشانکردوون، ئەم ژمارەیە ساڵی 2019 بووەتە 1964 باند.
rudaw -
