گرێبەست لەنێوان کارگەکانی چپسی پەتاتە و جووتیاران دەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2020، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی کارگەکانی چپسی پەتاتە و جووتیارانی کرد.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە كۆبوونەوەكەدا کە كەریم سلێمان، بریكاری وەزارەت ئامادەی بووە و گفتوگۆ لەبارەی هاوردەكردنی جۆرەكانی بنەتۆی پەتاتە کراوە بۆئەوەی جووتیاران بیچێنن و كارگەكانیش لێیان بكڕنەوە.
هەروەها گرێبەستێكی یاسایی لەنێوان كارگەكان و جووتیارانی بەرهەمهێنی پەتاتە دەكرێت "بۆئەوەی كارگەكان بەرهەمی جووتیاران بكڕنەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش سەرپەرشتیی گرێبەستەكە دەكات بۆئەوەی هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەكەوە".
لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ كراوە لەبارەی كاتی دانانی باجی گومرگی لەسەر هاوردەكردنی پەتاتە، وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت "جووتیاران كات و بڕی باجەکەیان بەلاوە پەسند بوو".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیادراوە هاوئاهەنگییەکان بەردەوامبن بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەوەش لەڕێگەی بەدواداچوون و گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی پێویست.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بە كردنەوەی خولی راهێنان بۆ جووتیارانی پەتاتە، تایبەت بە پێدانی زانیاری لەبارەی دوایین هەنگاو و گۆڕانکارییەکان لە بەرهەمهێنانی پەتاتە.
rudaw -
