بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر: لەناو ڕاگیراوان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا نەماوە

بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر: لەناو ڕاگیراوان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا نەماوە
بەڕێوەبەرى چاکسازیى گەورانى هەولێر رای گەیاند بەردەوام بۆ دڵنیابوون لە دۆخى تەندروستیی ڕاگیراوان پشکنین بۆ سزادراوانى چاکسازییەکە دەکرێت و ئێستا هیچ حاڵەتێکى تووشبوون بە کۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان نەماوە.

هێمن فاروق نانەکەلى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیى گەورانى هەولێر راى گەیاند: "وێڕاى بوونى ئەو ژمارە زۆرەى سزادراون، ئێستا هیچ حاڵەتێکى تووشبوون بە پەتاى کۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان نەماوە و رۆژانە بەردەوام بۆ دڵنیابوون چاودێریى دۆخى تەندروستیى سزادراوانى گەورانى هەولێر دەکرێت و لەڕێگەى پزیشک و کارمەندانى بنکەى تەندروستیى تایبەت بە سزادراوان پشکنینیان بۆ دەکرێت".

ڕاشی گەیاند: "لە دوایین پشکنینیدا کە دوێنێ ئەنجامەکەى دەرچووە، خۆشبەختانە دەرکەوتووە کە ئەو حاڵەتانەش کە تووشى پەتاکە ببوون، تێیان پەڕاندووە و ئەو هۆڵەى کە بۆ تەشبووانى کۆرۆنا تەرخان کرابوو داخراوە، هەردوو وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و تەندروستیش بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ باشترکرنى دۆخى تەندروستیى سزادراوان".

هێمن فاروق نانەکەلی ئاماژەى بەوەش کرد: "بەهۆى رێکارەکانى خۆپارێزى لە پەتاى کۆرۆناوە ئێستا سەردانى سزادراوان قەدەغەیە، بەڵام لەڕێگەى تەلەفۆنەوە هەر سزادراوێک بۆى هەیە ڕۆژانە قسە لەگەڵ کەسوکارى بکات و لەبەر زۆریى ژمارەى سزادراوان، هەفتانەش تەنیا یەکجار بۆ ماوەى 10 خولەک بۆى هەیە لەڕێگەی ڤیدیۆوە بە ئۆنڵاین لەگەڵ کەسوکارى قسە بکات".

ژمارەى سزادراوانى بەڕێوەبەرایەتیى چاکسازیى گەورانى هەولێر زیاتر لە دوو هەزار و 400 کەسە، پێشتر چەند حاڵەتێکى تووشبوون بە کۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتییەکە تۆمار کرابوو.













باسنیوز


Top