ئەمڕۆ ساڵیادی داستانی سحێلایە
ئەمڕۆ 26/10/2020، سێ ساڵ بەسەر ساڵیادی تۆماركردنی داستانی سحێلادا تێدەپەڕێ، كە لەو رۆژەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە درێژایی رۆژ وەڵام و بەرپەرچی سەختی هێرشە یەك لە دوای یەكەكانی میلیشیا عێراقییەكان و هێزەكانی دیكەی عێراقی دایەوە، كە بە پاڵپشتیی و ڕێنوێنیی شارەزایی ئەفسەر و پلەدارانی وڵاتێكی دیكە بە نیازی لەباربردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان هێرشەكانیان بۆ ئەو دەڤەرەی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردبوو.
لەو داستانەدا، دەیان ئۆتۆمبێل و زرێپۆش و تانك و ئامێری سەربازیی دوژمن تێك شكێنرا و ژمارەیەكی زۆریش لە میلیشیا و هێزە هێرشبەرە هاوشانەكانیان كوژران و بە ناچاری پاشەكشەیان پێ كرا و نەبەردی و خۆڕاگریی كەموێنەی پێشمەرگە، خەیاڵی هێرشی دیكە و پێشڕەویی دوژمنی بەرەو هەرێمی كوردستان لە چاڵ نا.
ئەو داستانە مەزنە، بە خوێنی پیرۆزی چەند پێشمەرگە و فەرماندەیەكی سەربازی تۆمار كرا.
باسنيوز
