لە بازگەیەکی کفری رێگریی لە شۆفێران دەکرێت و داوای پارەیان لێدەکەن

لە بازگەیەکی کفری رێگریی لە شۆفێران دەکرێت و داوای پارەیان لێدەکەن
بۆ جاری دووەم شۆفێران و جووتیارانی سنووری قەزای کفری لە بازگەی کارێزی سنووری ئەو قەزایە خۆپێشاندانیان کرد، چونکە سوپای عێراق پارەیان لێوەردەگرێت و داوای کۆتاییهێنان بە هەڵوێستی سوپای عێراق دەکەن.

مورتەزا خەڵەف، شۆفێرێکی عەرەبە و بەشداریی خۆپێشاندانەکەی کردووە و دەڵێت "سێجار پاڵەوانی کیک بۆکس بووم، شاعیری عێراقیم، لێرە سووکایەتیم پێدەکەن، موقەدەمەکە پێنەگوتم ئەوە ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەت بگەڕێوە هاتووچۆ قەدەخەیە، بە زللە تێم بەربوو دواتریش خۆم و ئۆتۆمبێلەکەمی لە قەرتەپە زیندانیکرد، بە بڕیاری دادگا ئازادبووم. بڕیارەکەم بۆ هێنا بۆ بازگەکە نەیهێشت بڕۆم گوتی بگەڕێوە."

لە 14-07-2020ـەوە فیرقەی پێنجی سوپای عێراق لە بازگەی کارێز جێگیربوون بەبیانووی رێگریکردن لە قاچاخ، رێگەی هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان داخستوە.

ئەم بازگەیە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بە شارەکانی دیکە دەبەستێتەوە و رۆژانە سەتان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی بارەکانیان بەوێدا هاتووچۆ دەکەن. ئەو هێزانەی لە بازگەکەن لە پێش کامێرا هیچ قسەیەک ناکەن لە پشتی کامێراش دەڵێن: فەرمانی بەغدا جێبەجێ دەکەین.

دوای زیاتر لە سێ کاژێر سوپای عێراق هاتووچۆی ئاسایکردوە، بەڵام کێشەکە کۆتایی نەهاتووە.

رائید جەلیل ئیبراهیم، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی گەرمیان راگەیاند "فشارێکیان دروستکرد بۆ ئەوەی بازگەکە بکەنەوە، بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڵێنیان داوە کە بازگەکە بکەنەوە و کێشەکەش چارەسەر بکەن."

لە ساڵی 2019 دانوستاندن بە ئامانجی کاری پێکەوەیی لەنێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەستیپێکردووە. لە کۆبوونەوەی تەممووزی ئەمساڵدا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پێنج خاڵ دراوە کە یەکێکیان بازگەی هاوبەشە لە نێوان پێشمەرگە و سوپا. لەدوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا کە 24ی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکان کراوەتەوە بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراون.
\rudaw -
Top