لە رووها ژنێک بە چەقۆ هاوژینەکەی دەکوژێت

لە رووها ژنێک بە چەقۆ هاوژینەکەی دەکوژێت
هاونیشتمانییەک لە رووهای باکووری کوردستاندا لەلایەن ژنەکەیەوە بە چەقۆ دەکوژرێت و دواتر خۆی رادەستی پۆلیس دەکات.

رووداوەکە لە شارۆچکەی خەلیلییە روویداوە کاتێک عەبدولقادر ئاکبوڵوتی تەمەن 30 ساڵ لەگەڵ ژنەکەی بووە بە دەمەقاڵەیان، دواتر دەمەقاڵەکە بووەتە شەڕ، ژنەکە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر عەبدولقادر و بە سەختی برینداری کردووە.

دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمی تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکەیان گواستووەتەوە نەخۆشخانەی باڵیکڵی گۆل، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی، عەبدولقادر گیانی لەدەستدا.

ژنەکەی عەبدولقادر خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد و بە تۆمەتی ئەنجامدانی "کوشتنی بەمەبەست" زیندانی کراوە.
k24 -
Top