میدیایەكی ئەمریكی: دەبێ هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا لە ناوچەكە بمێنێتەوە

میدیایەكی ئەمریكی: دەبێ هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا لە ناوچەكە بمێنێتەوە


میدیایەكی ئەمریكی داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات، هەماهەنگیی ئەمنی و هەواڵگریی زیاتر لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، لەو پێناوەی هەولێر بە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا لە ناوچەكە بمێنێتەوە.

كەناڵی (ئەلحوڕە)ی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا ناوەڕۆكی وتارێكی (SETH J. FRANTZMAN)ی بڵاو كردۆتەوە كە لە بنەڕەتدا لە ماڵپەڕی (THE HILL) بڵاو كراوەتەوە و تێیدا فرانتزمان كە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ پێڕاگەیاندن و توێژینەوە، ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر میلیشیاكانی عێراق لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا بوەستن لە ترسی كاردانەوەكانی ئەمریكا، لە بەئامانجگرتنی ئەو ژمارە كەمەی هاوبەشەكانی ئەمریكا ناوەستن كە لە عێراقدا ماونەتەوە، بە تایبەتیش كوردەكان، بە ئامانجی فشار خستنە سەر واشنتۆن بۆ بەجێهێشتنی عێراق كە ئەویش هەلی زیاتر بە میلیشیاكان دەدات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی وڵاتەكە.

كەناڵەكە باسی لەو هێرشە كردووە كە هەفتەی ڕابردوو لە لایەن هەندێك لە لایەنگرانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە لە بەغدای پایتەختی عێراق، كرایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و بە بەرچاوی هێزەكانی پۆلیسەوە سووتاندیان. جگە لەوەی لە ٣٠ی ٩ی ٢٠٢٠یش هێرشێكی تیرۆریستی كرایە سەر چەند شوێنێكی بەشی ڕۆژئاوای شاری هەولێر لە دەوروبەری فڕۆكەخانە كە تێیدا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە ئەنجامدەری هێرشەكە تۆمەتبار كران.

فرانتزمان جەختی كردۆتەوە كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بوونەتە دەوڵەتێك لەنێو دەوڵەتدا، بنكەی پشكنین و پێگە و بنكەیان لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق (جگە لە هەرێمی كوردستان داناوە).

باسیشی لەوە كردووە كە ئیدارەی ترەمپ سەركەوتوو بووە لە ڕاگرتنی ئەو میلیشیایانە، لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و هەڕەشەوە، بۆیە ترسی ئەوەیان هەیە كە ئەگەر زیانێكی زۆر بە هێزەكانی ئەمریكا بگەیەنن، ئەگەر هەیە بە توندی و لەسەر فەرمانی ترەمپ بكرێنە ئامانج.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئەو سەنتەری توێژینەوەیە پێیوایە كە بەهۆی فشاری ئەمریكاوە لیوای ٣٠ی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە كشێندراوەتەوە كە سەكۆ مووشەكییەكەی تێدا دانرابوو و لێیەوە هێرشی مووشەكی كرابووە سەر هەولێر، ئەو لیوایە ناچار كران بكشێنەوە بۆ شوێنێكی دەرەوەی پشتێنەی پارێزگای هەولێر.

لە كۆتاییشدا داوای كردووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە لایەكەوە لەسەر فشارەكانی بۆ سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەردەوام بێت، لە لایەكی دیكەشەوە لە ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی هەواڵگری و هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، “تاوەكوو هەولێر ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا لە ناوچەكە”.








باسنیوز
Top