دیاردەی سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان بنبڕ نەکراوە
گۆشتفرۆشێکی سەرشەقام بەپێی خواستی خەڵک رۆژانە سێ تا پێنج ئاژەڵ سەر دەبڕێت. هەر کیلۆیەک گۆشت بە 10 هەزار دینارە کە دوو تا چوار هەزار دینار لە بازاڕ هەرزانترە.
گۆشتفرۆشێک دەڵێت، "حکومەت دەڵێت دووکان بگرن. بەس خەڵکەکە لە دووکان ئاوا نایبات. لێرە لە بەرچاوی خۆی سەری دەبڕین و خێرایە. لە دووکان بەم شێوازە فرۆشمان نییە. خۆ بۆ منیش خۆشتریشە، لەبەر ئەو با و تۆزە نەبم، بەس لێرە ئاوا خێراترە."
بەپێی یاسا سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام قەدەخەیە، بەڵام رۆژانە فرۆشیارانیش بەبێ رەچاوکردنی مەرجە تەندروستییەکان لەسەر شەقامن و کڕیارانیش خوازیاری کڕینی گۆشتەکەن.
کڕیارێک دەڵێت، "شێواز و جۆری راگرتنی ئاژەڵ و هەڵگرتنی گۆشت، هەروەها پشکنینی تەندروستی بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕینیان مەرجی سەرەکین بۆ گۆشتفرۆشان."
عومەر فەرهاد، گۆشتفرۆشە و دەڵێت، "ئێمە لە مەیدان دەیکڕین. هەموو بەیانیانێک دەچینە مەیدان و لەوێ نەفەری خۆمان هەیە. سەیارە دەیباتە سەربڕخانە و لەوێ دکتۆر پشکنینی بۆ دەکات و ئەو کات دەیهینین بۆ فرۆستن."
ئیسماعیل مستەفا، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "من لەسەر جادە گۆشت ناکڕم، چونکە کەس نازانێت ئەو گۆشتە لە کوێ هێنراوە ... نەخۆشە، نەخۆش نییە!"
عەباس ساڵح، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، "دکتۆر پشکنینی بۆ ئەو گۆشتە نەکردووە بزانێت باشە یا باش نییە. [خەڵک] دەڵێ وەڵا بە هەرزانم کڕی. نازانێت دواتر دەبێت چەند پارە بدات تا چاک ببێتەوە."
چەندین جار لیژەنەکانی قایمقامییەت هەڵمەتی نەهێشتنی ئەو دیاردەیەیان داوە و گۆشتفرۆشانیان سزاداون، بەڵام هێشتا سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان بەردەوامە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر راگەیاند، "کە دەستمان بەسەردا گرتووە، رەوانەی سەربڕخانەمان کردووە، پشکنینی بۆ کراوە و ئەنجامەکەی وادەرچووە کە ئاژەڵەکە نەخۆش بووە، بۆیە هەرزانترە. هاووڵاتی زیان بە خۆی دەگەینێت ئەگەر ئەو گۆشتە بکڕێت. هەڵمەتەکانی ئێمە بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە بەردەوامە."
لە هەرێمی کوردستان 28 سەربڕخانە هەن کە رۆژانە دوو هەزار و 760 سەر ئاژەڵیان تێدا سەر دەبڕدرێت و بۆ دڵنیابوون لە دروستییان گۆشتەکەیان پشکنینی پێش و پاش سەربڕنیان بۆ دەکرێت.
rudaw -
