لە دهۆک کەمتیارێکی مێینە بە برینداری دەدۆزرێتەوە

لە دهۆک کەمتیارێکی مێینە بە برینداری دەدۆزرێتەوە
لە دهۆک کەمتیارێک بە برینداری دۆزراوەتەوە و دوای چارەسەرکردنی دەبرێتە باخچەی ئاژەڵان. کەمتیارەکە تەمەنی ساڵێک و نیوە.

کەمتیارەکە لە گوندی سوریای سەر بە دهۆک کەوتووەتە تەڵەی کەسێکی نەناسراوەوە و دوو رۆژ بە پێی شکاوەوە پێوەی بووە.

د. سلێمان تەتەر، پزیشکی ڤێتێرنەر و سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافی ئاژەڵان لە دهۆک راگەیاند، "ئەوە دوو رۆژە کەتووەوەتە تەڵەوە. ئەم جۆرە کەمتیارە لە کوردستاندا زۆرە. زیاتر بە شەواندا چالاکە و دەردەکەوێت و بە تاک تاک دەگەڕێت. کاتی جووتبوون و شیردان بە گەلە دەژی."

باخچەی ئاژەڵانی دهۆک کەمتیارە مێینەکەی لای خۆی پاراستووە تاوەکو چارەسەر بکرێت و دواتر لەگەڵ کەمتیارە نێرینەکەی باخچەکەدا زاوزێیان پێ بکرێت.

بیلال سەهمی راهێنەر لە باخچەی ئاژەڵانی دهۆک، دەڵێت، "وەک لایەنێکی مرۆیی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکە بڕیاری دا ئەو کەمتیارە وەربگرێت. ئیتر چووین و لە تەڵەکە دەرمانکرد. لەژێر چاودێریی پزیشکدایە. کەمتیارەکەی خۆمان نێرە و ئەمە مێیە، رەنگە لە پاشەرۆژدا ئەگەر پێی باش ببێتەوە جووتیان پێ بگرین."

کەمتیار یەکێکە لەو ئاژەڵە گۆشتخۆرانەی کە گۆشتی مردارەوەبوو و بەرماوەی ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانی دیکە دەخوات.

rudaw -
Top