وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: مووچەی شەھیدان ناچێتە چوارچێوەی دوو مووچەیی
سەنتەری تۆڕی چاودێری لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، ئەو شوێنەی بە وردی مووچە نایاساییەکانی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لێوە دیاریدەکرێت. لەوێوە کە میحوەرێکی سەرەکیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە، دەرکەوتووە لە کەرتی گشتی 106 هەزار و 839 کەس دوو مووچە و زیاتر وەردەگرن.
لە قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری کە ماوەی مانگێکە دەستیپێکردووە، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا بەتەواوی لیستەکە لە مووچەی نایاسایی پاکدەکرێتەوە و بۆ کارکردن لەسەری دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
ئازاد ئیسماعیل، یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی تەنکنەلۆژیا و زانیاری دەڵێت "بۆ پاککردنەوەی لیستی مووچەخۆران کەمتر لە شەش مانگ پێویستە، حکومەت بەرچاوی روونە چەند مووچەخۆری هەیە بەشێوەیەکی یاسایی یان لە دەرەوەی رێنماییەکان، تەنیا ئەوە ماوە لیژنەکان بەشێوەیەکی یاسایی بڕیاری لێبدەن".
یاسای چاکسازی بەهێزترین چەکی دەستی حکومەتە بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی. بەگوێرەی زانیارییەکان لەو 106 هەزار و 839 کەسەی کە دوو مووچە یاخود زیاتریان هەیە، زیاتر لە 70 هەزاریان مووچەی نایاسایین، لەکاتی بڕینی ئەو مووچە نایاساییانە پێشبینی دەکرێت مانگانە زیاتر لە 35 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێتەوە، بەو پارەیەش دەتوانرێت مانگانە مووچەی ژمارەیەک لە وەزارەت، دەستە و فەرمانگەی حکومەت دابەشبکرێت.
بەگوێرەی یاسای چاکسازی، تەنیا وارسی شەهیدان و ئەو زیندانە سیاسیانەی کەمتر لە 10 ساڵە مووچە وەردەگرن، دەتوانن دوو مووچە وەربگرن و ئەو مووچەیەی وەکو فەرمانبەر یاخود خانەنشین یان لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەریدەگرن، لێیان نابڕدرێت.
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند "بەپێی یاسای ژمارە 2ی چاکسازیی ساڵی 2020 و پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاساکە، مووچەی شەھیدان ناچێتە چوارچێوەی دوو مووچەیی".
لە یەکەم راپۆرتدا هاتووە، یاساکە مووچە و شایستە وەرگیراوەکانی پێشتر ناگرێتەوە و لەکاتی جێبەجێکردنی، ئەوانەی دوو مووچەیان وەرگرتووە مووچەکەیان لێ دەبڕدرێت.
لیزا فەلەکەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان گوتی "ئێمە وەکو لیژنەی دارایی و حکومەتیش نەمانویست پێشینەی دارایی ھەبێت، بۆئەوەی بە ئاسانی یاساکە جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەو مووچانەی پێشتر وەریانگرتووە نایگەڕێننەوە، تەنیا ئەو دوو مووچەی ھەیانە یەکێکیان لێ دەبڕدرێت و خۆیان سەرپشک دەکرێن کام مووچەی هەڵدەبژێرن".
لەسەر داوای لیژنەی دارایی پەرلەمان، بڕیارە حکومەت سێ مانگ جارێک راپۆرتی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بداتە پەرلەمان.
RUDAW -
