ئاسایش سێ تەقەکەر لە چەمچەماڵ دەستگیردەکات کە "ئارامیی شارەکەیان تێکدابوو"
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی دوو کەسیان بە تۆمەتی تێکدانی ئارامیی شارۆچکەی چەمچەماڵ دەستگیرکردووە، سێ کەسی دیکە کە تەقەکەر بوون و ئارامیی شارەکەیان تێکدەدا، "لەژێر فشاردا خۆیان رادەستی ئاسایش کردووە".
نەقیب رێژین ساڵح، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی راگەیاند، ئەو کەسانە تەقەی هەڕەمەکییان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا کردووە و ترس و دڵەڕاوکێیان لەنێو خەڵکی بڵاوکردووەتەوە "جاری وا هەبووە لەکاتی خەو یان نانخواردن تەقەیان کردووە".
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە فەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بووە، نەقیب رێژین ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئەو کەسانە، تێکدانی ئارامی و ئاسایشی قەزای چەمچەماڵە. سەبارەی بە هۆکاری ئەو کارەیان، هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە و تۆمەتبارەکان نەیانگوتووە پاڵنەری تەقەکردنەکانیان چی بووە.
لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئەوەشی گوت، ئەو سێ تۆمەتبارەی خۆیان رادەستی ئاسایش کردووە، ناویان (پ. ف. م) دانیشتووی چەمچەماڵ (ب. ح. ع) و (ک. م. م) دانیشتووی ناحیەی شۆڕش ـن، "ئەمڕۆ خۆیان رادەستی هێزەکانی ئاسایش کردووە و ئۆتۆمبێل و چەکەکانیان دەستیان بەسەردا گیراوە".
rudaw -
