پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێک لە بارەی کۆچی گەنجان کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/10/2020، چیا حەمید شەریف، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، كە لیژنەکەیان راپۆرتێکی لە بارەی چوونە دەرەوەی گەنجان ئامادە کردووە، تێیدا "ھۆکارەکانی چونی گەنجان بۆ دەرەوە و چارەسەرەكەی خراوەتە روو، راپۆرتەکە رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراوە، چاوەڕێ دەکەین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەزیرەکان رابسپێرێت بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن".
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو وەزیرانەی كە بانگهێشت کراون، بریتین لە وەزیری رۆشنبیری و لاوان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان.
لە بارەی داتایەكانی ناو ڕاپۆرتە، پشتیان بە وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتان بەستووە، كە بە پێی ئەو داتایە، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا چواردە ھەزار کەس چوونەتە دەرەوە.
باسنیوز
