بەغدا ناوی شەش زانکۆی هەرێمی کوردستان لە رێبەری وەرگرتنی قوتابیان زیاددەکات
د. محەممەد شاکر، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ یەکەمینجار ئەمڕۆ بە فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق لە رێبەری ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی عێراق، ناوی زانکۆکانی: سۆران، کوردستان، زاخۆ، راپەڕین، هەڵەبجە و پۆلیتەکنیکی هەولێری زیادکرد، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2019 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانیان پێدانرابوون.
د. محەممەد شاکر ئاماژەی بەوەکرد، بەمشێوەیە دەرچووانی ئەو زانکۆیانە دەتوانن درێژ بە خوێندنی باڵا بدەن لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دابمەزرێن، کە پێشتر کێشەی گەورەیان بۆ دروستببوو، بەغدا دانی بە بڕوانامەکانیان دانەدەنا.
ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە گوتیشی، بەم نزیکانە شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سەردانی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و دهۆک دەکات بۆ دڵنیابوون لە مەرج و رێکارەکان و دواتریش بەهەمان شێوەیە ناویان لە رێبەری ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان زیاد دەکرێت.
RUDAW -
