مینی چێنراوی داعش بە باوکێک و سێ کوڕیدا دەتەقێتەوە و دەیانکوژێت
هونەر بەهرام، برا و مامی قوربانییەکانە و دەڵێت، "ئەو ناوچە بە شەوان هی داعشە. بە رۆژیش داعش خۆی مات دەکات و نایەتە دەرەوە. ئاسایش نییە. سوپا بەس رێگەیان گرتووە. ئەم فەقیرە بۆ کشتوکاڵ چووە، ئەگەر کارێک نەکات ناژی."
سالم بەهرام و سێ کورەکەی بە ناوەکانی "سەفین، سەروەر و قاسم" هەر لە شوێنی تەقینەوەکە گیانیان لە دەستداوە. کوڕێکی دیکەشیان کە ناوی محەممەدە تەمەنی 15 ساڵە، بریندرارە و ئێستا لە هەولێر چارەسەری بۆ دەکرێت.
دوای راپۆرتی پزیشکی دادوەری، تەرمەکان برانەوە بۆ مەخموور و لەوێ بە خاک سپێردران. کوردی ناوچەکە بەهۆی نەبوونی ئارامی و ئاسایشەوە دڵیان پڕە.
حوسێن بەهرام، برا و مامی قوربانییەکانە و دەڵێت، "برایکم و سێ برازام مینیان پێدا تەقیەوە و ئۆتۆمبێلەکەشیان سووتاوە. کە چوومە سەریان، دەست و لاقیانمان کۆکردنەوە. لەم ناوچەیەدا هیچ ئاسایشێک نییە. ئەو رێگەیە رێی جووتیاریمانە."
لەگەڵ دانیشتوویەکی ناوچەکە چووینە شوێنی رووداوەکە: رۆژئاوای دەشتی قەراج لە سنووری قەزای مەخموور، ئەو ناوچەیەی سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر، نەینەوا، کەرکوک و سەلاحەدین پێکەوە دەبەستێتەوە.
دانیشتووانی ناوچەکە کە لەژێردەسەڵاتی سووپا و هێزە عێراقییەکاندان هەمیشە دەڵێن ژیانیان لێهەڵگیراوە و دوای کشانەوەی پێشمەرگە لە ساڵی 2017وە داعش بە ئاسانی و بەتایبەتی لە شەودا جموجووڵی تێدا دەکەن.
سنووری مەخموور و بناری رۆژئاوای چیای قەرەچوخ ئەو ناوچانەن چەکدارە جێماوەکای داعش جموجووڵی تێدا دەکەن و بنکەیان داناوە. بەهۆی ئەو مەترسییانەشەوە ئێستا لە سنوورەکە زیاتر لە 30 گوند چۆڵکراون کە زۆربەیان کوردن.
RUDAW -
