حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كەمترین نرخ زۆرترین كارەبا دەداتە هاووڵاتیان

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كەمترین نرخ زۆرترین كارەبا دەداتە هاووڵاتیان
ئەندامێكی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرای دەكا، كە دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری كارەبا، بۆیان ڕوون بووەوە یەكێك لە ئامانجەكانی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت، ئەوەیە زۆرترین كارەبا بە كەمترین نرخ بە خەڵك بدرێ .

ئەمڕۆ سێشەممە 20/10/2020، پێشەوا هەورامانی، پەرلەمانتاری كوردستان ڕایگەیاند، كە دوای سەردانی ئەمڕۆی كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان و میوانداریكردنیان لە لایەن لیژنە وزە و كۆبوونەوەیان لەگەڵیدا، بۆیان روون بووەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پرسی ڕادەستكردنی كارەبا بە كەرتی تایبەتدا، دەیەوێ بە کەمترین نرخی بەرهەمهێنان و بە کەمترین تێچوو، زۆرترین کارەبا بە کەمترین نرخ بداتە خەڵک.

پێشەوا هەورامانی، ئاماژەی بەوەش كرد، كە بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر کەرتی تایبەت دەبێت و دابەشکردن لەسەر حکوومەت دەبێ، "بۆ ئەوەی کۆمپانیاكان خەڵك نەقۆزنەوە"

لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، ئاشكرای كرد، كە لە هەرێمی كوردستان 1199 مێگاوات كارەبا ون دەبێ، واتە ڕێژەی 44%، لە كاتێكدا ئەو ڕێژەیە تا 8% ئاساییە، وەزارەتی كارەبا ئێستا ئەو ڕێژەیەی كەم كردووەتەوە و "دەیانەوێت بگاتە نزیکی ستانداردە جیهانییەکە".

ئەندامەكەی لیژنەی وزە ئاشكراشی كرد، كە بە هۆی بەهەدەردانی کارەبا، هەر کاتژمێرێک حکوومەت 60 ملیۆن دینار زیانی پێدەگات و مانگانە 43 ملیار دینار و ساڵانە 518 ملیار دینار بەهەدەر چوو، بۆیە بە کەمکردنەوە ڕێژەی کارەبای لەدەستچوو، حکوومەت پارەیەکی زۆر دەگەڕێنێتەوە.

بە پێی ڕوونكردنەوەكانی وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتر نرخی کارەبا بۆ هەر مێگاواتێک 63 دۆلار بە کۆمپانیاکان دراوە، بەڵام ئێستا بە 45 دۆلار دەدرێت.













باسنیوز


Top