سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی پرسیارێك لە بارەی مووچەی فەرمانبەران دەداتەوە
لە مەراسیمی كردنەوەی جووتسایدل گۆپاڵ – رۆڤیا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە، ڕای گەیاند كە هەرچییان پێ كرابێ بۆ دابینكردنی مووچە، كەمتەرخەمییان نەكردووە و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیشی بە پێویست زانی.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانەوە، گوتی "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی پێ كرابێت بۆ دابینكردنی مووچە كەمتەرخەمی نەكردووە و ناشیكات، چەندین جار ئاماژەم داوە كە داهاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆرۆنا و تێكچوونی باری ئابووریی جیهانی كاریگەرییەكی زۆر خراپی كردە سەر دۆخی ئابووریی كوردستانیش. ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردی ئەوەیە كە خەرجییەكانی حكوومەتی بۆ كەمترین ئاست كەم كردەوە، لە هەمان كاتدا خەبات بۆ ئەوە دەكات كە داهاتی ناوخۆیی زیاد بكات. پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە هاوڵاتیانمان چاوەڕێن حكوومەت پڕۆژەی خزمەتگوزاریشیان بۆ بكات. خزمەتكردن تەنیا پێدانی مووچە نییە. خەڵك داوای ئاو و كارەبا و نەخۆشخانە و قوتابخانە و هەموو كەرتەكان دەكەن، بۆیە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە دیسان بۆ خزمەتكردنی هەموو هاووڵاتییانە بە مووچەخۆر و مووچەنەخۆر. ئەوانەشی كە مووچەیان نییە هەقیان لەسەر حكوومەتە خزمەت بكرێن.
باسنيوز
