داوادەکرێت پشکنینی کوالێتی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان لە کۆمپانیا ئەهلییەکان بسەنرێتەوە

داوادەکرێت پشکنینی کوالێتی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان لە کۆمپانیا ئەهلییەکان بسەنرێتەوە
شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی سنووری پەروێزخان گلەییان لە نرخی کوالێتی کۆنترۆڵ هەیە و دەڵێن با حکومەت خۆی ئەو کارە بکات و لە کۆمپانیای ناحکومیی بسەنێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت چاکسازیی لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان بکات.

حکومەت چاکسازیی لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکاندا دەکات و شۆفێران گلەییان لە کاری کۆمپانیا ئەهلییەکان هەیە، بەتایبەتی کوالێتی کۆنترۆڵ؛ ئەو کۆمپانیایانەی پشکنین بۆ سەرجەم ئەو کاڵایانە دەکەن کە لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

محەممەد رەشید، شۆفێرە و دەڵێت، "سەیارەیەک کاشی دادەگرن، کەچی بەشی پێنج سەیارە پارە دەسێنن کە 150 هەزار دینارە. تەماتە سەیارەی بە 15 هەزار دینار دەپشکنن. شێلمان 50 هەزار دینارە."

سامان حەمید، شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێت، "میوە نموونەی بە 30 هەزار دینار دەپشکنن. ئاڵووی زەرد و سوور بە دوو نموونە وەردەگرن کە خۆی یەک جۆرە و 60 هەزار دینار وەردەگرن. بۆ گشتمان ئەوە باشە کە حکومەت لە کۆمپانیاکانی وەربگرێتەو و خۆی بیکات."

بەپێی ئاماری کۆمپانیایی لۆکس ئەیجنسی کە پشکنینی کوالێتی کۆنترۆڵی دەروازەی سنووریی پەروێزخان دەکات، لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا 213,624 بارهەڵگر لە 6 کەرتدا کاڵایان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە و دوو هەزار و 177 باریان لە پشکنین دەرنەچوون.

لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان پشکنینی کیمیایی، فیزیایی و بەکتریالۆجی دەکرێت. بۆ نموونە ئەگەر بارێک چپس وەربگرین، حەوت جۆر پشکنینی فیزیایی، دووی کیمیایی و چواری بەکتریالۆجیی بۆ دەکرێت. لەبەرامبەر هەر پشکنینێکدا 5 بۆ 20 هەزار دینار وەردەگیردرێت.

محەممەد عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری تاقیگەی لۆکس ئەیجنسی لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان دەڵێت، ''ئێمە بە گوێرەی رێنماییەکانی حکومەتی عێراق دەیانپشکنین. هەر بە گوێرەی ستانداردی عێراقی ئەگەر ئەو نموونانە شیاو بوون بەڕێیەکەین، ئەگەر نەشیاو بوو رەتدەکرێتەوە."

لە ساڵی 2018وە ئەرکی کوالێتی کۆنتڕۆڵی کاڵاکان بە کۆمپانیا ناحکومییەکان دراوە که 72٪ی داهاتیان بۆ خۆیان و 28٪ـی بۆ حکومەتە.

حکومەت دەیەوێت گرێبەستەکانیان هەڵبوەشێنێتەوە یان دەستکاریی رێژەی داهاتیان بکات یان کارەکە بە نوێنەرانی ئەو 11 فەرمانگەیە بسپێرێتەوە کە لە دەروازەکاندان.

هێرش جەلیل، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی بۆ کوالێتی کۆنترۆڵ دەڵێت، "هەر کەمکردنەوەیەک بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ کۆمپانیاکان لایەنی نەرێنیی دەبێت، بەڵام رەنگە بۆ کۆمپانیاکانی پشکنین لە رووی زیانەوە پشکی شێریان بەر بکەوێت، چونکە ناچار دەبیت لە پێشکەوتندا بە جۆرێک لە جۆرەکان خاو ببیتەوە. گرێبەستەکەمان لەگەڵ حکومەتدا بۆ پێنج ساڵە و لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا دەکرێت حکومەت گرێبەستەکان درێژ بکاتەوە."

لە هەرێمی کوردستان لە چوار دەروازە سنوورییەکەدا سێ کۆمپانیا کاری کوالێتی کۆنترۆڵ دەکەن. کۆمپانیای نیوستاندار لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل کاردەکات، کۆمپانیای رەزگە لە باشماخ و لۆکس ئەیجنسییش لە پەروێزخان.

عەباس ئیسماعیل، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، راگەیاند، ''لیژنەی چاکسازی کە داوای گرێبەست دەکات، ئێمە بۆمان ناردوون. پێشنیازی خۆیشمان بۆ جاکسازی لە گرێبەستەکاندا ناردووە. پێشنیازمان کردووە پارەی پشکنینی نموونە 50٪ی بۆ حکومەت بێت و ئەوی دیکەشی بۆ کۆمپانیاکان بێت."

پێشتر کۆمپانیا بیانییەکان کاری پشکنینی کاڵایان دەکرد. لە 2017/02/09 حکومەت بڕیاری دا کوالێتی کۆنترۆڵ لە دەروازە سنوورییەکان بداتە کۆمپانیا و تاقیگە ناوخۆییەکان بە مەرجێک بڕوانامەی نێودەوڵەتییان هەبێت یان لە ماوەی ساڵێکدا بە دەستی بهێنن.
rudaw -
Top