عەبدولحەكیم خەسرۆ: مووچەی خانەنشینیی ئەو پلاباڵایانە ڕاگیرا كە پۆستەكانیان نەبینیوە

عەبدولحەكیم خەسرۆ: مووچەی خانەنشینیی ئەو پلاباڵایانە ڕاگیرا كە پۆستەكانیان نەبینیوە


سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئاشكرای كرد كە مووچەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو پلە باڵایانە ڕاگیراوە كە بەبێ ئەوەی پۆستەكانیان ببینن، پێی خانەنشین بوون. ئەوەشی راگەیاند كە لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا پێداچوونەوە بە فایلی زیاتر لە ٢٠٧ هەزار فەرمانبەر كراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠، عەبدولحەكیم خەسرۆ، سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە دەرماڵە و مووچە و خانەنشینی و ئیمتیازاتەكان رای گەیاند، لە ١ی ٧ی ٢٠٢٠ەوە یاسای چاكسازی چۆتە باری جێبەجێكردنەوە، لە بابەتی خانەنشینی بڕگە و ماددەكانی بە تەواوی جێبەجێكراوە، هیچ مامەڵەیەك لە دەرەوەی یاسای چاكسازی ناكرێت، لەبارەی قەرزە بازرگانییەكانیشەوە ڕێكارەكانی بەرەو كۆتایی دەڕوات.

هەر لە لێدوانەكەیدا بۆ (كوردستان ٢٤) ئاماژەی بەوەش كرد: ”پێداچوونەوە بە مەلەفی فەرمانبەران پرۆسەیەكی زۆر باشی بڕیوە و زیاتر لە ٢٠٧ هەزار فەرمانبەر زیاتر پێداچوونەوە بە دۆسیەكانیان كراوە و بۆ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئەمە هەنگاوێكی گرنگە“.

لە بارەتی پەیڕەوی سندوقی خانەنشینی و ئامادەكردنی ڕێنمایی ئەركەكانی سندووقی خانەنشینی، عەبدولحەكیم خەسرۆ گوتی: ”وەزارەتی دارایی ئێستا خەریكە سندووقەكە پێكدەهێنێت. هەروەها پێداچوونەوە بە پەیكەربەندی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی دەكرێت كە دەبێتە بەڕێوەبەرایەتییەكی خانەنشینی بۆ سەرجەم كەرتەكانی مەدەنی و ئەمنی و سەربازی.

بابەتی شەهید و زیندانییانی سیاسی بابەتێكی ورد و هەستیارە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی مامەڵەی لەگەڵ دەكات. لە ماوەی رابردوودا راگیرابوو، دوێنێ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا مینحەی ئەو زیندانییە سیاسیانە خەرج بكرێت كە هیچ مینحە و بودجەیەكی دیكەیان نییە لە هەرێمی كوردستان“.

ئاماژەشی بە یەكخستنەوەی یەكەی ژمێریاریی پێشمەرگە كرد و رای گەیاند: ”یەكەی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە یەكخراوەتەوە و یەكەی لامەركەزی نەماوە، واتە یەكەی ژمێریاریی حەفتا و هەشتا نەماوە. ئەو یەكەی ژمێریارییەی وەزارەتی پێشمەرگە قابیلی پێداچوونەوەیە لە دیوانی چاودێریی دارایی و دامەزراوە چاودێرییەكانی حكوومەت“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”هەفتەی رابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەبڕیارێك دەرچوو بۆ راگرتنی مووچەی هەموو ئەو كەسانەی كە بە پلە باڵا خانەنشین كراون و پۆستەكانیان نەبینیوە. بەشێكیان خەباتگێڕ بوون، پێشتر ڕێزلێنانێكیان پێداوە، ئەم رێزلێنانە بەردەوام دەبێت بەڵام بە شێوازێكیتر و بەپێی یاسای ٣٤ی ٢٠٠٧ی ڕێزلێنانی پێشمەرگە و زێرەڤانی، ئەوانیتر هەموو ئەو خانەنشینانەی پلە باڵان و مووچەیان پێدراوە و پۆستەكانیان نەبینیوە، مووچەكانیان دەبڕدرێت،. لە ١ی ٧ەوە مووچەیان پێ نادرێت“.

سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی باسی یەكەی پاسەوانیی وەزارەتی ناوخۆی كرد و ئاماژەی بەوە كرد: ”رەشنووسی پەیڕەوی یەكەی پاسەوانی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، دوای ئەوەی كۆمەڵێك تێبینییان پێدرابوو، دەبێت خشتەیەك هەبێت، وردەكاریی گشت پاسەوانەكان بۆ گشت پلەكان هەبێت، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایش كار بۆ ئامادەكردنی خشتەكان دەكەن، چونكە بابەتێكی وردە و جگە لە پاسەوانی بەرپرسانی حكوومی، كونسوڵخانەكان و بارەگا حكوومی و حزبییەكانیش دەگرێتەوە“.






باسنیوز
Top