سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بڕیارێک لە بەرژەوەندیی زیندانیانی سیاسی دەردەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بڕیارێک لە بەرژەوەندیی زیندانیانی سیاسی دەردەکات
بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان خەرجکردنی مینحەی زیندانیانی سیاسی بە مەرج بەردەوام دەبێت.

بە فەرمانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان بە ژمارە 1961 کە لە 2020/10/15 دەرچووە و واژووی ئەوی بەسەرەوەیە، مینحەی زیندانیانی سیاسی، ئەوانەی 10 ساڵیان تەواو کردووە، "بە لەبەرچاوگرتنی بژێوی ژیان و گوزەرانی زیندانییانی سیاسی"، پێدانی مینحەکانیان بە مەرج بەردەوامی دەبێت.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەرجکردنی بەردەوامبوونی مینحەی زیندانیانی سیاسی دوای 10 ساڵیش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوانەی هیچ مووچەیەکی دیکەیان نییە. بە مەرجێک دواتر لەلایەن وەزارەتی کاروباروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان وردبینی لە لیستەکانیان بکرێت، زیاتر لە 800 کەسیان لەو فەرمانە سوودمەند دەبن."

بریکاری وەزارەتی شەهیدان ئەوەشی روونکردەوە کە پرۆسەکە "بەپێی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسیی ژمارە 11ی ساڵی 2011 لە هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەوانەی دوو مینحە لە حکومەت وەردەگرن سەرپشک دەکرێن لەوەی یەکێکیان هەڵبژێرن و ئەوەی دیکەیان دەبڕدرێت."

ئێستا پێنج هەزار و 157 کەس کە بۆ ماوەی 10 ساڵ مینحەیان پێدەدرا، بەپێی یاسای تایبەت بە زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مینحەکانیان وەستاوە. دوای پرۆسەی بایۆمەتری و پاککردنەوەی لیستەکان ئەوانەی دوو مووچە وەردەگرن، پرۆسەی دابەشکردنی مینحەکانیان دەست پێدەکاتەوە.

بەرەڤان حەمدی گوتی، "لەو پێنج هەزار و 157 زیندانی سیاسییە رێژەیەک لەوانە سوودمەند دەبن. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت فۆرمێک لە وەزارەتی شەهیدان پڕبکەنەوە."

هەروەها هەزار و 534 زیندانی سیاسی کە لە ساڵی 2011وە مووچەیان وەرگرتووە تاوەکو مانگی سێی ساڵی 2021 مینحەکانیان بەردەوام دەبێت. ئەوانە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا پێداچوونەوە بە لیستی ناوەکانیاندا دەکرێت.
rudaw -
Top