فرسەت سۆفی: لە هەولێر ئاڵای عێراق نەسووتێنراوە

فرسەت سۆفی: لە هەولێر ئاڵای عێراق نەسووتێنراوە


پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، هیچ کەسێک لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاڵای عێراقی نەسووتاندووە و ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە، هی ساڵانێک بەر لە ئێستایە.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی شارەکە راگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە و ئاڵای عێراق دەسووتێندرێت، هی ساڵانێک بەر لەئێستایە و کۆنە، لە هەولێر هیچ کاردانەوەیەکی هاوشێوە لە بەرامبەر سووتاندنی ئاڵای کوردستان نەبووە.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، لە شەقامی ئیسکانی هەولێر چەند گەنجێک ئاڵای عێراق دەسووتێنن.

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لە سۆشیاڵمیدیا دوای ئەوە دێت، بەیانی رۆژی شەممە 17-10-2020، بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان لە بەردەم بارەگاکە لە بەغدا سووتاند و ئەوەش کاردانەوەی نێوخۆیی بەدوای خۆیدا هێنا.

فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەولێر رێگە بە دروستکردنی پشێوی و تووندوتیژی و سووتاندنی ئاڵا نادرێت، هەرکەسێکیش پەنا بۆ ئەو کارانە ببات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت، سەرجەم دەزگە ئەمنی و بەرپرسی ئیدارەی قەزا و شارۆچکەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە رێگە بە هیچ پشێوی و کاردانەوەیەکی تووند نەدەن.
rudaw -
Top