وەزارەتی کارەبا: رۆژانە 22 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدرێت
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێستا رۆژانە 22 کاژێر و زیاتریش کارەبای نیشتمانیی دەدرێتە هاونیشتمانیان.
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، راگەیاند، لەم وەرزەدا بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما، بڕی بەرهەمهێنان و خواستی هاونیشتمانیان لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لێکنزیکن، بۆیە "رۆژانە 22 - 22:30 کاژێر کارەبای نیشتیمانی هەیە، جگە لەو شوێنانەی گرفتی بگۆڕ (محاویلە) یان هەیە."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. ئومێد ئەحمەد، دەڵێت، ئێستا رۆژانە 2800 بۆ 2900 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، کە نزیکبووەتەوە لە خواست لەسەر بەکارهێنانی، کە 3000 مێگاواتە.
وەزارەتی کارەبا هاوبەشانی ئاگادار دەكاتەوە رۆژی یەکشەممە 18/10/2020 لە كاژێر 8ی بەیانی تاوەكو 4ی ئێوارە گۆڕانكاریی دوو كاژێر لە بەرنامەی پێدانی كارەبا دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەو چاكسازیی و كاروباری چاككرنەوەی کە كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەكانی كۆرمۆر دەیکات وەكو پرۆسەیەكی خۆئامادەكردن بۆ وەرزی زستان.
لە وەرزی زستاندا بەپێی شارەکانی هەرێمی کوردستان خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەرز دەبێتەوە، بەجۆرێک دهۆک هەزار و 800 مێگاوات، سلێمانی هەزار و 800 مێگاوات و هەولێر 2 هەزار و 500 مێگاوات کارەبای پێویستە. جیا لەوانەش 200 مێگاوات کارەبا بە کارگەکانی ئاسن دەدرێت.
rudaw -
