جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئیدانەی پەلاماردانی بارەگای لقی پێنجی پارتی دەكا

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئیدانەی پەلاماردانی بارەگای لقی پێنجی پارتی دەكا
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە توندی ئیدانەی پەلاماری بەشێک لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دەكا و بە كارێكی "ترسنۆكانە و شەرمەزارانە"ی دادەنێ.

ئەمڕۆ شەممە 17/10/2020، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە ڕێی پۆستێكی پەیجی فەرمیی خۆیەوە لە فەیسبووك، ئیدانەی هێرشكردنە سەر لقی پارتیی لە بەغدا و سووتاندنی ئاڵای كوردستانی كرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی باڵای عێراق كرد بێدەنگ نەبن.

هێمن هەورامی، ئاماژەی بەوەش كردووە "جێگای نیگەرانییەکی زۆرە ئەم رووداوە بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئەنجام درا. ئەم کردەوە شەرمەزاری و نا بەرپرسیارانەی لایەنێکی ناو حەشدی شەعبی، دووپاتی ئەو عەقڵییەتە شۆڤینی و مەزھەبیە توندڕەو و تاریکپەرستییە دەکاتەوە، کە بە درێژایی ١٠٠ ساڵی عێراق، نەتەوەی کورد و پیرۆزییەکانی لای ئەوانە قبووڵکراو نییە".

سەرنج دەخاتە سەر ئەوەش، كە "رووداوەکەی ئەمڕۆ ئەلقەیەکی دیکەی زنجیرەی ئەو کارەسات و نەھامەتییانەن کە ھەمان عەقڵییەت لە بەرگی بەشێکی نیزامی مەلەکی و حەرەس قەومی و بەعس و داعش و قاعیدە بەرامبەر کورد و کوردستان کراوەو دەکرێت".

جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بە پێویستی دەزانێ سەرکۆماری عێراق و سەرجەم کوتلە کوردستانییەکان و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان لە ئاست ئەم پێشھاتە ھەڵوێستی ڕوون و ھەنگاوی کرداری بنێنن "بۆ ئیدانە کردن و لێپێچینەو لە ئەنجامدەران".











باسنيوز


Top