لیزا فەلەكەدین: هەر لایەنێك بەرگری لە خاك و مافی كوردان بكات دەكەوێتە بەر هێرشی شۆڤێنییەكانی عێراق
پاش سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراق. لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان نووسینێكی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد: ”ئەوەی لە بەغدا رووی دا، جگە لەوەی دەستبردنە بۆ پیرۆزییەکانی میللەتێک، پێشێلکردنی مافی سیاسیی کوردە لە عێراق لە لایەن زۆرینەوە، زۆرینەیەک کە بەردەوام بە هزری شۆڤینییەت و بەکارهێنانی هێز و شێوازی توندوتیژ دوور لە بەها مرۆڤایەتییەکان خەریکی زوڵمکردنە لە پێکهاتەکان“.
جەختیشی كردەوە كە سوتاندنی بارەگای پارتی، رەنگدانەوەی کولتووری سوتاندنی زەویوزاری کوردانی ناوچە کوردستانییەکانە کە شۆڤینییەکان بە مەبەستی تەعریب رۆژانە ئەم شێوازە بەکار دەهێنن. دەشڵێت: ”هەر کات هەر لایەنێکی کوردی داوای مافی کوردستانییان بکات و هەوڵی بەرگریکردن لە خاک و پیرۆزییەکانی کورد بدات، دەکەوێتە بەر هێرشی ناڕەوای شۆڤینییەکانی عێراقەوە کە هێزی باڵادەستن“.
داواشی كردووە ئەم کەیسە بە ئاگاداریی نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی زلهێز لە عێراق بە جدی کاری لەسەر بکرێت و داوای یاسایی لەسەر بکەرانی پشت پەردەی ئەم رووداوە تۆمار بکرێت.
لیزا كاكەیی دووپاتی كردۆتەوە كە دەبێت تەواوی لایەنە كوردستانییەكان ئەوە لەبەرچاو بگرن كە ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە پرسی کورد و کوردستانییانی ناوچەکەوە هەیە بە گشتی، لەم ڕوانگەیەوە پێویستە کە هاوهەڵوێستی و یەکدەنگی بکرێتە چوارچێوەی هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکانی داهاتووی ئەم بابەتە.
باسنيوز
