جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئیدانەی سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دەكا
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لێكۆڵینەوە و ئیدانەی سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەکات، کە بەیانیی ئەمڕۆ لە لایەن ژمارەیەک خۆپیشاندەرى گێرەشێوێنەوە سووتێنرا.
ئەمڕۆ شەممە 17/10/2020، دکتۆر بەشیر حەداد، ئیدانەی سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و ئاماژەی بەوە كرد "ئەو دۆخە ھەستیارەی کە ئێستا وڵاتی پێدا تێپەر دەبێت لە سەر ھەموو لایەک پێویست دەکات بە ئاراستەی ھێورکردنەوە ببرێت، نەک ئەوەی ھێرش بکرێتە سەر بارەگای پارت و لایەنە سیاسییەکان و ئاگری تێ بەر بدرێت و سوکایەتت به ئاڵای ھەرێمێکی فیدراڵی دەستووری بکرێت كه سیمبولی پیرۆزی میللەتێکە نەک تەنیا حیزبێک."
حەداد داواش لە حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی فیدراڵی دەکات، لێکۆڵینەوە له رووداوەکە و ھاندەرانی و بێدەنگیی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن، ئەو کەسانەش کە ئەو کارەیان ئەنجام داوە دەستگیر بکرێن و بدرێنە دادگا، "پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق و فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات ھەڵوێست لەسەر رووداوەکە دەرببڕن."
باسنیوز
