دایکێکی دهۆک: بژێویمان لەسەر بۆیاخی پێڵاوە و هەندێکجار بەبێ شێو سەردەنێینەوە

دایکێکی دهۆک: بژێویمان لەسەر بۆیاخی پێڵاوە و هەندێکجار بەبێ شێو سەردەنێینەوە
خێزانێکی شەش کەسی لە دهۆک بژێویی ژیانیان لەسەر بۆیاخی پێڵاوە و رۆژانە پیاوی ماڵ داهاتەکەی نزیکەی حەوت هەزار دینارە، نە توانای کڕینی جلوبەرگیان هەیە و نە دابینکردنی خواردن، ناشتوانن منداڵەکانیان بنێرنە بەر پرۆسەی خوێندن.

ئەو خێزانە زۆربەی رۆژ بەهیوای هاوکاریی خێرخوازانەوە ژیان دەگوزەرێنن، ئەو شوێنەشی تێیدا دەمێننەوە خاوەنەکەی کرێیان لێ وەرناگرێت.

سامیا میرزا ژنی ماڵە و دەڵێت، دۆخی ژیانیان زۆر ناخۆشە، زۆر جار کار دەگاتە ئەوەی منداڵەکانی بەبێ نان سەربنێنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ژیانیان لەسەر داهاتی هاوژینەکەیەتی کە کاری بۆیاخکردنی پێڵاو دەکات، ئەگەر ئەو کارە نەکات ئەوە بە هاوکاری و خێری خەڵک دەژین.

کاری هەندێک لە مارکێت و نانەواکان زەحمەت بووە، چونکە خەڵکێکی بەرچاو بە قەرز پێداویستی و کەلوپەل دەکڕن، تەنانەت هێلکە، تەحین، ماست و نان کە نرخیان 250 بۆ 500 دینارە، بە قەرز دەکڕن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی دهۆک رووپێوییەکی لەسەر 18 هەزار و 800 لەو خێزانانە کردووە کە سوودمەندن لە چاودێریی کۆمەڵایەتیی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، نزیکەی سێ چارەکیان گرفتی دابینکردنی خواردنیان هەبووە.

د. شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەوبارەیەوە دەڵێت، گەلێک ئاماری جیاوازیان بۆ دەرکەوتووە، یەکێکیان ئەوەبوو کە نزیکەی 72%ی ئەو خێزانانە کێشەیان لە دابینکردنی خواردن هەبووە و ئەوانەش کە نەخۆش لە ماڵیاندا هەبووە 54%یان توانای دابینکردنی چارەسەریان بۆ نەخۆشەکانیان نەبووە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ئامار لە پارێزگای دهۆک، نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار کەس لە پارێزگاکە دەژین، لە ساڵی 2018 رێژەی هەژاری تێیدا 8.5% بووە، لەوکاتەشەوە ئامارێکی زانستی لەسەر ئەو پرسە نەبووە.
rudaw -
Top