عوسمان محەممەد نووسەر و ئەدیبی هەورامان کۆچی دواییکرد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردوو کردووە و دەڵێت "مامۆستا عوسمان، كەسایەتییەكی دیار و رۆشنبیری ناوچەی ھەورامان بووە و رۆڵی بەرچاوی لە پێگەیاندن و فێركردنی نەوەكانی ئەو ناوچەیە ھەبووە، ئەمەش جێگەی بەرزنرخاندنە و لەدەستدانی جێگەی ئەسەفی ھەمووانە".
عوسمان هەورامی یەکێک بوو لە شاعیرە هەرە دیارەکانی کوردستان، پەروێز نیازی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری پارێزگای هەڵەبجە، راگەیاند "کۆچی دوایی ئەو کەلێنێک لە بواری ئەدەبی کوردیدا دروست دەکات".
ئەو نووسەر و شاعیرە، لە ساڵی 1940 لە تەوێڵە لەدایکبووە و هەر لەوێ و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن، لە ساڵی 1948 بنەماڵەکەیان چوونە سلێمانی و عوسمان محەممەد تاوەکو مردنیشی هەر لەوێ نیشتەجێ بوو. لە ماوەی تەمەنیدا چەندین پێشنیازی پێشكەش بە کەرتی پەروەردە كردووە.
عوسمان هەورامی لە بوارە جیاجیاکانی نووسین، گوتار و هۆنراوەدا سەرقاڵ بووە، بەڵام زۆرتر لەگەڵ بواری هۆنراوەی پەروەردە و ئەدەبیاتی منداڵان خەریک بووە. ماوەی 47 ساڵ مامۆستا بووە و چەندین نەوەی پێگەیاندوون.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بەشی وێژەیی لە شاری سلێمانی تەواوكردووە. ساڵی 1959 له بەشی زمانی كوردی له كۆلیژی ئاداب له بهغداد وهرگیراوه، لهبهر هەژاری تەنها دوو مانگ خوێندویهتی و به ناچاریی وازی لە خوێندن هێناوە.
کۆچکردوو، یهكهم كهس بووه، كه وشهی "ئاماژه"ی له نووسیندا بهكارهێناوه. تاوەکو ئێستا 18 كتێبی بۆ منداڵان چاپکراوە و چەندین هۆنراوەی نووسیوە.
rudaw -
