سه‌رۆك بارزانی: پێویسته‌ ته‌حه‌ددیاته‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی شنگال نه‌مێنن

سه‌رۆك بارزانی: پێویسته‌ ته‌حه‌ددیاته‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی شنگال نه‌مێنن
رۆژی چوارشەممە 14ـی تشرینی یەكەمی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤێن هیكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق و لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ژیانی گشتیی لە هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ تاوتوێ كرا. هەروەها رۆشنایی خرایە سەر مەترسییەكانی تیرۆر و ئەو تەحەددیاتانەی رووبەڕووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبنەوە.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق دەستخۆشی لە رێكەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال كرد، كە لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەستراوە و هیوای ئەوەی خواست، ئەو رێكەوتنە جێبەجێ بكرێت. پەیوەست بەم بابەتەوە سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ حكومەتەكەی مستەفا كازمی و رێكەوتنی شنگال دووپات كردەوە و ئەوەشی خستەڕوو، كە پێویستە ئەو تەحەددیاتانە نەمێنن، كە رێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی رێكەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان.

هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەرێكی دیكه‌ی ئەو دیدارە بوو.
k24 -
Top