وەزارەتی تەندروستی پێشنیازی تووندکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دەکات

وەزارەتی تەندروستی پێشنیازی تووندکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دەکات
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پێشنیازی تووندکردنی رێکارەکانمان کردووە، لە قوتابخانەکاندا مامۆستا و قوتابیان تووشی کۆرۆنا بوون".

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی راگەیاند "پاکێجی خۆمان بۆ ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئامادەکردووە، کە رێنماییە تەندروستییەکان و دەوامی قوتابخانەکان هەمووی باسی لێوە دەکرێت. ئێستا نەمانگوتووە قەدەخەی هاتووچۆ یان کەرەنتینەی گشتی رابگەیێندرێت، بەڵکو تەنها باسی تووندکردنی رێکارەکان دەکەین لە قۆناخی یەکەمدا، دوایی قسە لەسەر شتی دیکە دەکرێت".

دەربارەی تووندکردنی رێکارەکان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی "باس لە قەدەخەی گشتیی هاتووچۆ نەکراوە، بەڵکو بەپێی جێبەجێکردنی، رێنماییەکان تووند دەکرێنەوە. لە شوێنە گشتییەکان و تاوەکو دەزگا حکومییەکان ئێستا کەمتر هاونیشتمانیان پابەندن. رێکارەکان لە شوێنە گەشتیارییەکان، رێستۆرانتەکان و کافێکان رێنماییەکان تووند دەکرێن".

دوای تووندکردنی رێکارەکانیش وەکو د. ئاسۆ حەوێزی دەڵێت "هەڵسەنگاندن بۆ زانینی رێژەی تووشبووان دەکەین، ئایا رێژەکە چی بەسەردێت؟ کە بەلامانەوە گرنگە بزانین کاریگەریی تووندکردنی رێکارەکان رێژەی تووشبووان کەمدەکاتەوە یاخود نا؟ هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ شێوازی دەوامی قوتابیان دەکرێت، ئەوەش بەلامانەوە زۆر گرنگە".

لە هەندێک قوتابخانە مامۆستا تووشی کۆرۆنا بووە، لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی "ئامارمان لایە، ناتوانین بڵێین لە هەموو قوتابخانەکاندا هەیە، بەڵام لە هەندێک قوتابخانە مامۆستا و قوتابی هەیە تووشی کۆرۆنا بوون، ئەوەشمان بە بەڵگە هەیە، بۆیە ئەوانە هەمووی هەڵدەسەنگێندرێن و راپۆرتی خۆمان دەخەینە بەردەست لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان".

ئەمەش لەکاتێکدایە تەنیا ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تشرینی یەکەم 900 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکران، لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانی دەستنیشانکراوی کۆرۆناشەوە، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە سەرەوەی ریزبەندییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراقن.

لە 27ی ئەیلوول دەوامی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەنێو هۆڵەکانی خوێندن دەستیپێکردەوە و لە 10ی تشرینی یەکەمی 2020یش دەوامی قۆناخەکانی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی لەناو پۆلەکان دەستیپێکرد.
rudaw -
Top