وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان شێوازی نوێی دروستکردنی مزگەوتی راگەیاند
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی راگەیاند "ئەمڕۆ ئەنجامی پێشبڕکێی دیزاینی نوێی مزگەوت بە مۆرکی کوردەواری راگەیێندرا. ئەوکەسەی دەیەوێت مزگەوت دروستبکات، دەبێت رووبەر و شوێنەکەی شیاوبێت، جێگاکە پێویست بێت و شوێنەکە لەسەر نەخشەی شارەوانی شوێنی مزگەوت بێت".
ئەو خێرخوازەی مزگەوت دروستدەکات بە گوتەی گوتەبێژی ئەوقاف "دەبێت پارەی کاشی لەبەردەستدا بێت و بە دۆکیۆمێنت بیسەلمێنێت. دوای ئەوەی وەزارەت کەشفێک بۆ شوێنەکە دەکات، بڕی موادی پێویستی هاوردەکراو دەخەمڵێنێت و بە نووسراوی فەرمی نەبێت رێگەی پێنادرێت کەرەستە بەناوی مزگەوتەوە هاوردە بکات".
پێشبڕکێی "دیزاینی نوێی مزگەوت بە مۆرکی کوردەواری"، 30 کۆمپانیا تێیدا بەشدارییان کردبوو، لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە سێ لە کۆمپانیاکان دەستنیشانکران بۆ بەدهستهێنانی خەڵاتی یەکەم، دووەم و سێیەم، لەلایەن وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیشەوە خەڵات کران.
لە گوتەیەکدا د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند "ئەم پرۆژەیە بۆ خزمەتکردن و پاراستنی پیرۆزیی مزگەوتە بە مۆرکی کوردەواری لەسەر بنەمای زانستی، بە مۆرکێكی رەسەنایەتی و بە شێوازێک وێنای واقیعی کولتووری کوردستان بکات".
وەزارەتی ئەوقاف وێنەی دیزاینی رووکاری دەرەوە و ناوەوە و، رووبەر و چۆنێتیی دیزاینی دروستکردنی مزگەوتیشی بڵاوکردەوە.
لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 560 مزگەوت هەن، کە لە سێ هەزار و 174 مزگەوت گوتاری هەینییان تێدا دەخوێندرێتەوە و 800 هەزار بۆ ملیۆنێک کەسیش بەشداری لە گوتاری رۆژانی هەینیدا دەکەن.
rudaw -
