پەكەكە لە دژی دەركردنی لە شنگال خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ خۆپیشاندان دەهێنێت

پەكەكە لە دژی دەركردنی لە شنگال خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ خۆپیشاندان دەهێنێت
سەرچاوەیەکی چاودێر لە شنگال ئاشکرای دەکات، کە پەکەکە بۆ ئەوەی دەری بخات لە شنگال خەڵک لە گەڵیدایە، ژمارەیەک لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانی بۆ خۆپیشاندان هێناوەتە شنگال، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بۆ كاروباری ئێزدییەكان ئاماژە بەوە دەدات، باشترە لەبری ئەو کارانە پەکەکە رێز لە تایبەتمەندیی کوردانی ئێزدی بگرێت و شنگال جێ بهێڵێ.

ئەمڕۆ یەكشەممە 11/10/2020، شێخ شامۆ، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، پەکەکە پێشتریش کاری وای کردووە و کوردانی پارچەکانی دیکەی بۆ بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی بەکار هێناوە، ئەو رێکكەوتنەی کراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، بەهۆی پەکەکەوە کە نزیکەی شەش ساڵە لەو قەزایەیە بێ ئاستەنگ نابێ، بەڵام باشترە لەبری ئەو کارانە، پەکەکە رێز لە تایبەتمەندیی کوردانی ئێزدی بگرێت و شنگال چۆڵ بکات، تا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی ناوچەكە کە ٨٥%ی دانیشتووانی (شنگال)ن، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ژیانیان، کە ساڵانێکە نەهامەتیی زۆریان چەشتووە.

گوتیشی "ناکرێ زۆرینەیەکی وەها ببێتە قوربانیی کەمینەیەک، کە پەکەکە خۆی کردووە بە خاوەنیان و بەکاریان دەهێنێت، ئەوانیش ئێستا رۆژ بە رۆژ لە نیازی پەكەكە دەگەن و لێی دووردەکەونەوە، لەبەرئەوە بۆ پەکەکە باشترە لەبری ئەو کارەی رێز لە کوردانی ئێزدی و تایبەتمەندییان بگرێت و پابەندی رێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بێت و بەبێ دروستكردنی ئاستەنگ شنگال چۆڵ بکات”.

ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو رێككەوتنه‌ی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئێزدییەكان بابەتێكی چارەنووسسازە، "چونكە تا گرووپە چەكدارەكان شنگال چۆڵ نەكەن، ئاسایش و ئارامیی بەرقەرار نابێت".

شێخ شامۆ گوتیشی “ئەوە بابەتێكی دەستوورییە و پێویستە ھەموو لایەك رێز لەو رێككەوتنە بگرن”.

هه‌ینیی ڕابردوو 9/10/2020، شاندی‌ دانوستانكاری‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان به ‌سه‌رۆكایه‌تیی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی به‌غدایان كرد و له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ شنگال ڕێك كه‌وتن.











باسنيوز



Top