ئەمەریکا پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت کە ئەمەریکا پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشوازی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەری کێشەی شنگال دەکات".
لە بەشێکی دیکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە "هیوادارین رێککەوتنەکە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئەمنییە درێژخایەنەکانی شنگال و ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان".
جەختیشیکردووەتەوە کە بەرژەوەندی خەڵکی شنگال بە تایبەت قوربانیانی جینۆسایدەکە دەبێت لەناو دڵی هەر پلانێک بێت کە بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیرییە.
باسنیوز
