لە شنگال یەبەشە و چەند هێزێکی دیکە دژی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدان

لە شنگال یەبەشە و چەند هێزێکی دیکە دژی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدان
یەبەشە و سێ هێزی چەکدار لە شنگال، دەستەی سەرۆکهۆزەکان، بەڕێوەبەری ناحەیە سنوونێ و سەرۆکی ئەنجوومەنی خانەسۆر دژی رێکەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال وەستاونەتەوە.

دەخيل موراد، سەرۆکی ئەنجوومەنی خانەسۆر راگەیاند، "ئەو هەمووە کۆبوونەوەیە کرا و بۆچوونی سەرۆکهۆزەکانی ناوچەکە وەرنەگیرا. هێزەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئێمەن و کاتێک ئێمە نەبینە لایەنێکی گفتوگۆکان، بە دڵنیاییەوە ئەو بڕیارە رەتدەکەینەوە."

دوای 16 ئۆکتۆبەر دوو بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامێک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دانران و ئەوان لەبارەی ئەو بڕیارەوە بۆچوونی خۆیان هەیە.

خدێدە جوکی، بەڕوەبەری ناحیەی سنوونێ راگەیاند، "ئەوان ناتوانن پلانی خۆیان دانێن. دەبوو هەردوولا جینۆسایدی ئێزدییەکانیان قبووڵ بکردایە. نە پەرلەمانی عێراق و نە پەرلەمانی کوردستان جینۆسایدی ئیزدییەکانی قبووڵ کردووە. رێزیان لە خەڵکی ئێزدی نەگرتووە، کەچی لەبارەی شنگالەوە بڕیار دەدەن. ئەو شتە قبووڵ ناکرێت. نە من قبووڵی دەکەم و نە خەڵکی ئێزدی."

بەرپرسی هێزی پاراستنی ئێزیدخان بۆچوونی وایە کە دەبوو بەر لە سێ ساڵ ئەو بڕیارە بدرایە، چونکە خەڵکی شنگال پێویستیان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی بوو.

حەیدەر شەشۆ، بەرپرسی هێزی پاراستنی ئێزیدخان گوت، "دوای ساڵی 2017وە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە رەوایەتیی نەبووە. بۆیە ئێستا زۆر گرنگە بەڕیوەبەرایەتیی شنگال دابنرێت. هەروەها هاوئاهەنگیی سەربازی زۆر گرنگە."

بە گوێرەی ئامارەکانی بەرپرسی هێزی سەرەتایی عێراق لە سنووری شارۆچکەی شنگال، ئەوانەی چەکیان پێیە نزیکەی 15 هەزار کەسن.
rudaw -
Top