لە دهۆک نەبوونی گەشتیار زیانی زۆری لە خاوەنی پرۆژە گەشتیارییەکان داوە

لە دهۆک نەبوونی گەشتیار زیانی زۆری لە خاوەنی پرۆژە گەشتیارییەکان داوە
ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی شوێنە گەشتیارییەکانەوە زیانێکی زۆر بە خاوەنی پرۆژە گەشتیارییەکان گەیشتووە. لە پارێزگای دهۆک سەرەڕای ئەوەی ئێستا قەدەخەی هاتووچۆ نەماوە و شوێنە گەشتیارییەکان بە رووی گەشتیارییەکاندا کراونەتەوە، هێشتا چوونی گەشیاران بۆ ئەو پارێزگایە لە ئاستێکی نزمدایە.

بێکەس ئەحمەد، کارمەندی هۆتێلە و دەڵێت، "80٪ کاریگەریی لەسەرمان هەیە. پێشتر ئەگەر 100 کەس بهاتنایەتە ئێرە، ئێستا 20 دێن. پێشتر 100 کرێکارمان هەبوو، ئێستا تەنیا 50-60 ماون."

لە 15ی مانگی پێشووەوە رێگە بە گەشتیاران دراوە کە بە ئۆتۆمبێلی بچووک بچنە دهۆک، بەڵام رێگە بە چوونی کۆمەڵەی گەشتیاری نادرێت و ئەوەیش بە بڕی سێ تا چوار ملیار دینار زیانی لە هۆتێل، مۆتێل، چێشتخانە و کۆمەڵە گەشتیارییەکان داوە.

شێروان هاشم، بەڕێوەبەری هۆتێلە و دەڵێت، "پار لەم کاتەدا 100 ژوورمان گیرابوون و 20 تا 30 کرێکارمان هەبوو، ئیستا پێنج ژوور گیراون و دوو-سێ کرێکارمان ماون."

ئیحسان شێخ عیسا- سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و چێشتخانەکانی دهۆک راگەیاند، "گەلێک نووسراومان ئاراستەی پارێزگای دهۆک کردووە و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆکیش سێ نووسراوی داوەتە پارێزگا و لە رۆژی جیهانیی گەشتوگوزاردا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوامان لە پارێزگاری دهۆک کرد کە رێگە بە کۆمەڵە گەشتیارییەکان بدات بێنە دهۆکەوە، بەڵام مخابن تاوەکو ئیستا رێگە نەدراوە."

لە دهۆک 200 هۆتێل و مۆتێل و 60 خواردنگەی گەشتیاری هەن، بەڵام بەهۆی نەچوونی کۆمەڵەی گەشتیارانەوە بۆ پارێزگاکە، لە 15 هەزار کرێکاری کەرتی گەشتیاری، 13 هەزاریان بێکار بوون.
rudaw -
Top