دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکرێ
ئاری کاکە شین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، ڕايگەیاند: "حکوومەتی عێراق بە نووسراووی فەرمی ڕەزامەندی لەسەر ناردنی نەوتی سپی داوە، نووسراوەکەمان بۆ هاتووە، بەڵام نەوتەکە نەهاتووە کە بڕیاره لە کەرکووک و ڕەسافە بۆمان بنێردرێ".
ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەتی عێراق ڕەزامەندیداوە لە قۆناغی یەکەمدا 50 ملیۆن لیتر نەوت بداتە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "بەشی پارێزگای هەولێر لەو 50 ملیۆنە کەمتر لە 16 ملیۆن لیترە، لە کاتێکدا بۆ ئەوەی لە هەولێر هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێ بدرێ، پێویستمان به 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە".
ئاری کاکە شین، باسی هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوت دەکا و دەڵێت: "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند جارێکە داوای نووسراوی لێکردووین و کە ئەگەر بەرمیلێک نەوت بدەین پێویستمان بە چەند لیترە، ئەوان ھاتوونەتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی نەوت بدرێتە هاووڵاتیان".
بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، لە بارەی دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت گوتی: "لە کۆتایی ئەم مانگە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەین، نرخەکەشی بە ھەمان ئەو نرخە دەبێت، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێدەدا".
بۆ دابەشکردنی بەرمیلێک نەوت بۆ هەر ماڵێک، هەموو هەرێمی کوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوت ھەیە.
باسنيوز
