پەرلەمانتارێک: ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤٠ی دەستوور

پەرلەمانتارێک: ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤٠ی دەستوور
پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال، هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور.

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویە: "ئەو ڕێککەوتنە گەڕاندنەوەی هیوایە بۆ خەڵکی ناوچەکە، هەروەها دەرەچەیەکیش دەبێت بۆ ئەوەی تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان قۆناغ بە قۆناغ رەوشیان بەرەو ئاساییکردنەوە بچێت و ئیتر کۆتایی بە باڵادەستیی میلیشیایی بێت لەو ناوچانە. لەلایەکی تریشەوە دەرئەنجامگەلێکی ئەرێنی گرنگی دەبێت وەک دەرکردنی هێزە میلیشیاکان و گەڕانەوەی دەسەڵاتی خۆجێی بە هەماهەنگی نێوان حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێم، ئەمەش پاڵنەر دەبێت کە حکوومەتی عێراق ساڵانە بڕە بودجەیەک بۆ قەزاکە خەرج بکات بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش داوە: "بوونی چەندین هێزی چەکداری نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان بیانوو بوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا پلانی هێرشکردنە سەر شەنگال دابنێت، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بوایە، ئەگەرێکی زۆر بوو تراژیدیایەکی دیکە بەسەر شارەکەدا دەهات و وەک عەفرین و سەرێکانی دەکەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزە داگیرکەرانەوە".

لیزا فەلەکەدین کاکەیی لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا دەڵێت: "لە ماوەکانی رابردوودا چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوەیان دەدا کە دەستی ئاوەدانی بۆ شنگال درێژ بکەن و لەڕێگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئاسەواری وێرانکارییەکانی داعشەوە بەڵگە و دۆکیۆمێنت کۆ بکەنەوە، بەڵام بوونی چەندین گرووپی چەکداری جۆراوجۆر ڕێگر بوون لە هەنگاو و هەوڵی رێکخراوەکان بۆ پێکهێنان و ناساندنی کەیسی شنگال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆیە بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە ئەم بەربەستەش لە ئارادا نامێنێت".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە درێژەی ئەو پرسەدا باسی لەوەش کردووە: "لە پاڵ ئەوەی هێزە میلیشیا شیعەکان چەندین خێزانی بەندکراوی داعشیان لە شنگال جێگیر دەکرد، هەروەها ئاسانکارییان بۆ هاتنی داعش لە سوریاوە دەکرد کە ئەمەش مەترسیی تیرۆری بۆ کەرکووک و خانەقین زیاتر دەکرد. کەواتە ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی داخستنی دەرگایەکی گەورەی هاتنی تیرۆریستان لە سووریاوە بۆ عێراق و بەتایبەتیش ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان".











باسنيوز



Top