نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد (ع. ع. شەونم) کۆچی دوایی کرد
شەونم یەکێکە لە شاعیرە شارەزا و ئەدیبە بەتواناکانی کورد و یەکێک لە مامۆستایانی بواری پەروەردە و فێرکردن بووە و ئەم شاعیرە لە ساڵی 1929 لە هەڵەبجە لەدایک بووە.
کەسێکی دیار و بە ئاگایە لە ئەدەبی کوردیدا، شەونم تەنها شاعیر نەبووە، بەڵکوو کەسێکی دەنگخۆش و ئاوازدانەر و شێوەکار و خۆشنووس و مێژوونووس و شارەزای زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی بووە.
یەکەم مامۆستا لە هەڵەبجەدا کە گرووپی میوزیک و سروود و گۆرانیی داناوە مامۆستا (ع.ع شەونم) بوو، ناونیشانی شیعرەکانی (هاتم.. هاتم..، پەڵپ و بیانووم پێ مەگرە، ئادەی مینەی لوولەک ژەن، لەگەڵ زۆر گۆرانی و سروودی دیکە کە ناسراوەترینیان سروودی (جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە / بە تیشکی ئاگر ئەنوسم جەژنە پیرۆژە)یە کە ئاوازەکەشی هەر بۆ خۆی دای ناوە.
شەونم لە ئەدەبی مناڵانی کورددا بۆشاییەکی زۆری پڕ کردووەتەوە کە چێژ و تامێکی تایبەتی هەیە و نمونەی پەروەردە و رێنمایی جگەرگۆشەکانە بۆ پەیڕەوی یاسا و دەستوورەکانی ژیان و دوورکەوتنەوە لە کارە دزێوەکان، داڕشتنی ئەم جۆرە هۆنراوانە، لە سەر زمانی مناڵان کاریگەریی باشی هەبووە.
شەونم یەکێکە لە دامەزرێنەری (یەکێتی نوسەرانی کورد) لقی بەغدا، ساڵانێک لێپرسراوی چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانی بووە، یەکەم خەڵاتی شیعری لەلایەن بنکەی ئەدەبی و رۆشنبیریی سلێمانییەوە پێ بەخشراوە.
دەیان شیعری مامۆستا (ع.ع. شەونم) بە ئاوازی خۆی، یان هونەرمەندانی دیکەی کورد کراونەتە سروود و گۆرانی و لە ساڵانی رابردوودا بەشێک لە شیعرەکانی کە بۆ منداڵان نووسراوە بەناوی (جریوەکان) لە دیوانێکدا چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
باسنيوز
