حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستییەكانی خوێندن بۆ شنگال دابین دەكا
بەرپرسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شنگال، ئاشكرای كرد كە هەموو پێویستییەكانی خوێندن و خۆپارێزیی قوتابیان لە پەتای كۆرۆنا، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێ و پەروەردەی عێراق هاوكارییان ناكات.
ئەمڕۆ شەممە 10/10/2020، شەهاب ئەحمەد، بەرپرسی كارگێڕیی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شنگال، بە (باسنیوز)ـی ڕاگەیاند، كە ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستییەكانی خۆپاراستنی لە پەتای كۆرۆنا بۆ هەموو قوتابخانەكانی شنگال دابین كردووە و ساڵانەش پەڕتووكیان بۆ دابین دەكا و ئەمساڵیش بە هەمان شێوەی پێشتر بۆیان دابین كراوە.
ئەوەیشی ئاشكرا كرد، كە بڕیار دراوە 25 قوتابخانەی كوردی لە شنگال بكرێتەوە، كە پێشتر 18 قوتابخانەی كوردی لە شنگال هەبوون، ئێستەش 10 هەزار قوتابی بە زمانی كوردی دەخوێنن، لەمڕۆشەوە دەستیان بە خۆئامادەكاری كردووە بۆ كردنەوەی دەروازەی قوتابخانەكان، كە بڕیارە چوارشەممەی دادێ 13/10/2020، بكرێنەوە.
باسنیوز
