خۆکوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی کۆری لە بەسرە گومانی دروستکردووە
بەیانی رۆژی هەینی، تەرمی، پارک چوول هووبا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشوور بە هەڵواسراوی لە ژوورەکەی خۆی لە شوێنی دروستکردنی بەندەرەکە دۆزرایەوە.
مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە بەسرە لە راگەیێندراوێکدا لەسەر رووداوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوە و دەرکەوتووە بەڕێوەبەرەکەی دایۆ بە پەت خۆی خنکاندووە و کرێکارێک ئاشکرای کردووە. هەر لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، پەیوەندییان لەگەڵ وەلید شەریفی، قایمقامی فاو کردووە و جەختی لەو زانیارییانە کردووەتەوە، بەڵام وردەکاری و هۆکارەکانی خۆکوشتنەکە ئاشکرانەکراوە.
ئەو رووداوە، دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە ناسر شبلی، وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە رێککەوتنی قۆناخی یەکەمی بەندەری فاو لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار واژۆ دەکرێت. وەزیری گواستنەوەی عێراق جەختیشیکردبووەوە، تیمی عێراق سەرکەوتوو بوون لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشوور بۆ جێبەجێکردنی بەرزترین پێوەری نیودەوڵەتیی نوێ لەبارەی کاری بەندەرەکانەوە.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، دوای دۆزینەوە تەرمی ئەو بەڕێوەبەرە، کۆمپانیای دایۆ بڕیاریداوە کارەکانی بۆ ماوەیەک لە بەندەرەکە رابگرێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەسەر رووداوەکە هەبووە و تێیدا دڵگرانی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، کارکردن لە بەندەرەکە بەردەوام دەبێت و ئەو رووداوەکە کاریگەریی نابێت لەسەر بەردەوامبوون لە کارەکان.
کۆمپانیای دایۆش لای خۆیەوە رایگەیاندووە، کەسانی پسپۆڕ و توانای مرۆیی پێویستیان هەیە کە دەتوانن بەردەوامبن لە کارەکانی بەندەرەکە و جەختیکردووەتەوە "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامن".
ئەو رووداوە لە کاتێکدا دێت چەند مانگێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان عێراقییەکان باس لەوە دەکەن کە رێگری هەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی بەندەری فاو بەو مەرجانەی کە داندراون و هەوڵی راگرتنی کارەکان دەدرێت، هەر بۆیە رووداوەکەی ئەمڕۆ هەینی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و گومانی لای بەشێک لە خەڵک دروستکردووە.
حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە و داوایکرد لایەنە ئەمنییەکان بە خێرایی لێکۆڵینەوەی جیددی بکەن و وردەکاری و هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا بکەن، گوتی: "ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە خۆکوشتنەکە دوای چەند رۆژێک هات لەوەی وەزارەتی گواستنەوەی راگەیاند واژۆکردنی گرێبەستی دروستکردنی قۆناخی یەکەمی بەندەرەکە نزیکە لەگەڵ ئەم کۆمپانیا کۆرییە و لە گەیشتن بە داڕشتنی کۆتایی رێککەوتنەکە بۆ جێبەجێکردن نزیکن".
حەسەن کەعبی رووداوەکەی بە "مەترسیدار" ناوبردووە و دەڵێت "دەبێت هەموو پێداویستییە ئەمنییەکان بۆ وەبەرهێنەران دابینبکرێت، پەلەش بکرێت لە جێبەجێکردنی بەندەرەکە بەو مەرجانەی داواکراون".
ئەسعەد عیدانی پارێزگای بەسرە، لەسەر رووداوەکە راگەیێندراوێکی هەبوو و تێیدا باسی لەوەکردووە کارکردن لە پرۆژەکە بەردەوام دەبێت، سەرەڕای رووداوەکە، رەتیشیکردەوە هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستی هەبێت لە رووداوەکە.
هاوکات جانگ کیونگ ئووک، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق راگەیێندراوێکی لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، باڵیۆزخانەی کۆریا کاژێر 09:00ـی بەیانی بە رووداوەکەی زانیوە و باڵیۆزخانەی کۆریا ئاگادارکراوەتەوە کە وەزارەتی ناوخۆی عێرق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە پێکهێناوە و لیژنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی بەسرە کارەکانی دەکات و دەڵێت: "چاوەڕوانین ئەنجامەکان دەربکەون دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکە".
rudaw -
