خوێندنی باڵا کاتی کاراکردنی زانکۆلاینی ئاشکراکرد

خوێندنی باڵا کاتی کاراکردنی زانکۆلاینی ئاشکراکرد
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سبەی شەممە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کارادەکرێت و پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، زانکۆلاین بۆ ماوەی 10 رۆژ بۆ قوتابیان بەردەست دەبێت. قوتابیان ده‌بێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له‌ خوێندنگەکانیان وه‌ریانگرتووەته‌وه،‌ فۆڕمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه‌.

سەبارەت بە خوێندنی تایبەت، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، "زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەتوانن فۆرم بەسەر خوازیاران لە خوێندنى تایبەت دابەش بکەن".

پلانى وەرگرتن بۆ خوێندنى ئەمساڵ بە هەر سێ سیستەمى خوێندنى گشتى، پارالێڵ، ئێواران، لە زانکۆ حکومییەکان بریتییە لە 54 هەزار و 537 کورسى، کە ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووى وەرگرتن لە هەرێمى کوردستان پلانى وەرگرتن بگاتە ئەو ژمارەیە، هاوکات پلانى داواکراوى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بریتییە لە 27 هەزار و 630 کورسیی خوێندن.

سەبارەت بە ژمارەى دەرچووانى پۆلی 12ـی ئامادەیى کە ناوەکانیان لە وەزارەتى پەروەردە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رەوانە کراوە بریتیە لە: 72 هەزار و 264 دەرچوو:

- 46 هەزار و 288 دەرچووی زانستی

- 24 هەزار و 379 دەرچووی وێژەیی

- هەزار و 637 دەرچووی بەشە پیشەییەکان

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ژمارەیەکى زۆرى دەرچووانى ساڵى رابردوو کە لە هیچ شوێنێک ناویان دەرنەچووە، مافى پێشکەشکردنیان هەیە و سیستمەکە رێگەى پێشکەشکردنیان پێدەدات.

قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەتوانن سەردانی وێبسایتی www.regayzanko.com بکەن و لەوێوە زانکۆلاین بەکاربهێنن.
rudaw -
Top