وەزیری ناوخۆ: سەردانی بەغدا دەکەین بۆ تەواوکردنی رێککەوتنێک لەبارەی شنگال
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ ئەو قسانەی لە تویتێکدا کردووە. ئەوەش دوای ئەوەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی دووشەممە ئاماژەی بەوە کردبوو، لەسەر پرسی شنگال "گەیشتوونەتە رێککەوتن".
هەر لەسەر ئەو پرسە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی نیوڕۆژی رووداو، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەمنزیکانە ئیدارەیەکی نوێ لە شنگال دەستبەکارببێت.
لە پارێزگاری نەینەوای پرسی، تاوەکو ئێستا گرفتی ئیداری لە بەڕێوەبردنی شنگال یەکلانەکراوەتەوە، بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەو ئیدارەیە چییە کە ئێستا شنگال بەڕێوەدەبات؟ چۆن ئەو گرفتە چارەسەر دەکرێت؟
نەجم جبووری رایگەیاند، ئەو بابەتەی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی تاوتوێ کردووە، قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، هەروەها لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش. "لە کۆبوونەوەی دواییماندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێککەوتین لەسەر ئەوەی ئیدارە شارەکە بگەڕێتەوە بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی کوردستان، بەڵێنیان پێداین بەمنزیکانە ئیدارەی نوێ لە قەزای شنگال دەستنیشان دەکرێت".
جبووری ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیان گوتووە، لە ماوەی زۆر نزیکدا یان بە هەڵبژاردن یان دامەزراندن ئیدارەیەکی نوێ دادەنرێت بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەسەر قەزای شنگال کراوە.
rudaw -
