بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزێڕێ بە گولـلە کوژرا

بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزێڕێ بە گولـلە کوژرا
ئێوارەی ئەمڕۆ تەقە لە بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سنووریی سەرزێڕێ لە سنووری قەزای ئامێدی کرا و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزێڕێ ناوی غازی ساڵحە و تەمەنی 47 ساڵان بوو.

مووسا کێستەیی، کارگێڕی لقی 18ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی براگەیاند، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو تەقە لە بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزێڕێ کراوە.

رووداوەکە لە گوندی گەلیکێ ـی سەر بە شارۆچکەی کانی ماسێ کە بە بیگدادا ناسراوە، روویداوە، ماڵی ئەو بەرپرسەش لە ئەو گوندەیە. بە گوتەی مووسا کێستەیی، غازی ساڵح، لەکاتی پشوودا بووە.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، کارگێڕی لقی 18ـی پارتی لە ئامێدی ئاماژەی بەوە کرد، دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە، بەڵام نازاندرێت هۆکارەکەی چییە و کێ تەقەی لێکردووە.

دەروازەی سنووریی سەرزێڕێ لە سنووری نێوان تورکیا و باشووری کوردستانە. گەلیکێ ـش گوندێکی سنوورییە و سەر بە شارۆچکەی کانی ماسێیە. دانیشتووانەکەی بۆ پشوودان و سەردانیکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان دەچنەوە گوندەکە.
rudaw -
Top