هەندێک گەڕەکی مێژوویی هەولێر خەریکە دەبنە زبڵخانە
خانەقا ناوێکی جیانەکراوە لە هەولێر، بووەتە زبڵخانە، مام گەیلان کە لەو گەڕەکە لەدایکبووە، ئاخ هەڵدەکێشێت بۆ ئەوەی زێدی باب و باپیرانی بووە بە وێرانە، ئەوان داوا لە بەرپرسان دەکەن مێژوو بپارێزن.
رۆژانێک خانەقا، عەرەب و تەعجیل گەڕەکە ئاوەدانەکانی هەولێربوون. بەشێک لە خانووەکانی ئەو گەڕەکانە وەکو خانووی کەلەپوری تۆمارکراون، بەڵام ئێستا بەهۆی سووتاندنیان و جێهێشتنیان هیچ سیمایەکی کولتوورییان نەماوە.
ساڵی 2012 حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر، بۆ بەکەلەپورکردنیان، گەڕەکەکانی خانەقا، عەرەب و تەعجیلیان لە دانیشتووان چۆڵکرد، بەڵام 8 ساڵ بەسەر پرۆژەکە تێپەڕیوە و جگە لە وێرانەیەک هیچی دیکە نابیندرێت. ئەو گەڕەکانە لەدەوری قەڵای هەولێرن، ئەو قەڵایەی لە یونسکۆ وەکو یەکێک لە شوێنەوارە جیهانییەکان تۆمارکراوە.
ئەو گەڕەکانە لە ماستەرپلانی هەولێر کەوتوونەتە (بەفەرزۆن) ناوچەی پارێزراوی هەولێر، بەجۆرێک کە زیاتر لە 185 خانوو وەکو کەلەپوور تۆمارکراون و نابێت دەستکارییان بکرێت.
بەگوێرەی بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، مێژووی دروستکردنی ئەو گەڕەکانە بەو نەخشەیەی ئێستایان، دەگەڕێتەوە بۆ 150 بۆ 200 ساڵ پێش ئێستا.
rudaw -
