ههنگاوهكانی حكومهت له بارهی ماددهی 140ـی دهستوور
خەلیل ئیسماعیل، مامۆستای زانکۆ گوتی: هەڵوێستەکانی سەرۆکی حکومەت لەبارەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 هەڵوێستی نیشتیمانی و جددین و پێشنیاز دەكەم حکومەتی هەرێمی کوردستان کارتهكانی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 بەکار بهێنێت.
ئێستا لە ناوچە کوردستانیەکان جگە لە تەعریب و داگیرکاری، دۆخی ئەمنیش خراپە و داعش چالاکیەکانی زیاتر كردووە، بەجێبەجێکردنی ماددەی 140 ئەم کێشانە چارەسەر دەبن. بەڵام حکومەتی عێراق رێگرە لە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە، کە لە دەستووردا جێگیرکراوە.
محەمەد سابیر، پسپۆڕی سەربازی گوتی: ھەڵوێستەکانی مەسرور بارزانی لەسەر ماددەی 140 نیشتیمانین و لەو بڕوایەدامە، بەجێبەجێکردنی ماددەی 140 کێشەکانی عێراق بە تەواوەتی چارەسەر دەبن.
مەسرور بارزانی لە بارەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و بەردەوامی تەعریب لە وەڵامی پەرلەمانتاراندا، ئاماژەی بەوەدا، بەھیچ شێوەیەك ئەو ھەنگاوانەمان قبووڵ نەبووە و لەگەڵ بەغدا قسەی زۆر لەسەر ئەو حاڵەتە کراوە و گوتی: دوو ھەنگاومان پێشنیازکردووە بۆ ئەو ناوچانە. یەکێکیان دابینکردنی ئەمنیەتە لەو شوێنانە کە دابڕێنراون بۆ پاراستی ھاووڵاتیان و رێگری لە تەعریب بکرێت و ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئەمنیەت لەو ناوچانە ھەبێت.
گوتیشی: چارەسەرکردنی ئەو کێشانە تەنیا و تەنیا بەجێبەجێکردنی ماددەی 140 دەبێت، کە پێشنیازکراوە و داکۆکی لە جێبەجێکردنی دەکەین و لەسەر ئەو بابەتە لەسەر خەتین، پسپۆڕانی ئەمنی و سیاسیش ھەڵویستەکانی سەرۆکی حکومەت بە نیشتیمانی و جددی دەزانن.
k24 -
