د. دڵشاد عەبدولڕەحمان: ئەو کۆبوونەوەیەی حکوومەت لەگەڵ پەرلەمان، وەکوو ڕووداوێکی گرنگ سەیر دەکرێ
دڵشاد عەبدولڕەحان رایگەیاند: “لەڕ استیدا ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێی پەرلەمان، بریتی بوو لە پەیوەندییەکی سروشتی، کە دەبوو لەنێوان حکوومەت و پەرلەماندا ھەبوایە، بەڵام بۆ کوردستان، کە سەرۆکی کابینەکان تەنیا بۆ دانیشتنی وەرگرتنی متمانەی کابینەکەیان چوونەتە پەرلەمان، ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێ وەکوو ڕووداوێکی گرنگ سەیر دەکرێ، ھیوادارم ئیتر ئەوە ببێ بە نەریت و ناو بەناو ئەو کۆبوونەوانە ساز بکرێن، ھەتا پەرلەمانتاران لەجیاتی تی ڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ھۆڵی پەرلەمانەوە قسەی خۆیان، کە قسە و پرسیاری دەنگدەرانیانە، بەرەو ڕووی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بکەنەوە”.
راشی گەیاند، سەدان پرسیار ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی کران، دەرەنجامی ئەو پرسیار و وەڵامانە، ئەوەی ئاشکرا بوو ئەوەیە، کە ئیرادەیەک ھەیە بۆ چاکسازی، بەڵام ئەو ئیرادەیە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.
گوتیشی “خاڵێکی تر، کە ئاشکرا بوو، پەنابردنی حکوومەتە بۆ بەتایبەتیکردن، ئەو بەتایبەتکردنەش ئەگەر سیستەمێکی باجی شەفاف و گونجاوی لەگەڵدا نەبێت، کە بە بڕی ئەو باجەی سەر داھاتی کۆمپانیاکان بتوانێ خزمەتگوزاریی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تری پێ دابین بکا، ئەوا ئەو بەتایبەتکردنە دەرگای ناعەدالیەتییەکی گەورەتر لەوەی ھەیە دەکاتەوە. لە وەڵامەکاندا پلانی حکوومەت بۆ ئەوە بەدی نەکرا، کە ئەو بڕی باجە چەندە و چۆن کۆ دەکرێتەوە و چۆن خەرج دەکرێ، بەڵام بە گشتی ئەگەر ئەو کۆبوونەوانە زوو زوو دووبارە ببنەوە، بە خاڵێکی پۆزەتیڤ دەیبینم”.
باسنيوز
